Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دەگاتە ئیماڕات


وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید لە یەکەمین سەردانی فەڕمی وەزیرێکی دەرەوەی ئیسڕائیلدا گەیشتە ئیماڕات، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو دوو وڵاتەکە پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاساییکردەوە.

لاپید ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی وێنەیەکی خۆی لە تویتەر بڵاکردەوە و نوسیبوی " دەڕۆم بەرەو سەردانێکی مێژوویی بۆ ئیماڕات " گەیشتە ئیماڕات.

وەزیرانی ئیسڕائیل پێشتر سەردانی ئیماڕاتیان کردووە، بەڵام لاپید باڵاترین بەرپرسی ئیسڕائیلە ئەم سەردانە بکات، هەروەها یەکەمین گەشتیەتی لە ئەركێکی فەڕمیدا بۆ دەرەوەی وڵات.

بەڕێوبەری ئەرکی باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە ئیماڕات لە تویتێکدا نوسیویەتی " 30 ساڵی کارەکەم وەکو دیبلۆماتکار، بینینی ڕەنگی شین و سپی ( ئاڵای ئیسڕائیل ) لێرە لە فڕۆکەخانەی ئەبو زەبی، لەکاتێکدا چاوەڕێی گەیشتنی وەزیری دەرەوە دەکەم، هەژێنەرە! "

لە دوای ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئیسڕائیل و ئیماڕات کۆمەڵێک ڕێکەوتنیان واژۆکردووە، لەوانەش ڕێکەوتنی گەشتیاریی و فڕۆکەوانی و خزمەتگوزارییە داراییەکان."

لەماوەی سەردانەکەیدا، لاپید باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە ئەبوزەبی و کونسوڵخانەی وڵاتەکە لە دوبەی دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " شاندی ئیسڕائیل لەلایەن وەزیری کاروباری ئابوورییەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئیماڕات پێشوازییان لێدەکرێت."

ئەم سەردانەی لاپید ساڵێک دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دێت. لە مانگی سێدا وابڕیار بوو سەرۆک وەزیری ئەو کاتەی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو سەردانی ئیماڕات بکات، بەڵام بەهۆی ڕێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناکۆکییە دیبلۆماتیەکانەوە سەردانەکە هەڵوەشێندرایەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG