Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل هوشداری دەدات


هاوکاتی زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل هوشداری دا بە دوژمنانی وڵاتەکەی.

بەنجامین نەتەنیاهو ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی ئامادەبوونی لە مەشق و ڕاهێنانێکی لەشکری وڵاتەکەی لە باکوری ئیسرائیل گوتی" دەبیستم لە دراوسێکانمان لە باکور و باشور و ڕۆژهەڵات هەڕەشەی لە ناوبردنمان لێدەکرێت. من بە دوژمنانمان دەڵێم لەشکری ئیسرائیل خاوەنی هێزێکی وێرانکەری ئێجگار گەورەیە. تاقیمان مەکەنەوە."

هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنانی سەر بە ئێران لە نزیک سنوورەکانی باکوری ئیسرائیلەوە جێگیرن و بە یارمەتی ئێران بوونەتە خاوەن ژمارەیەکی زۆری موشەک کە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروستدەکەن. گروپی حەماسی فەلەستینیش کە ئەویش ئێران پـشتیوانی لێدەکات، لە غەززەوە جێی هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکانی باشوری ئیسرائیل.

ڕادیۆی فەرمی ئیسرائیل ڕایگەیاند نەتەنیاهو ئەمڕۆ بۆ ماوەی نزیکەی چوار کاتژمێر لەگەڵ وەزیر و کاربەدەستانی لەشکری و ئاسایشی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە، ئەمەش دووەم جارە لە ماوەی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات.

ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە 27 ی مانگی شەشەوە بڕی یۆرانیۆمی پـیتێنراوی خۆی زیاتر دەکات لەوەی بەپـێی ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەری ڕێکەوتبوو.

XS
SM
MD
LG