Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت


وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پـۆستەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو ئاگربەستەی حکومەت لەگەڵ حەماس لە غەززە ڕایگەیاند.

ئاڤیگدۆر لیبەرمان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئۆرشەلیم گوتی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پـۆستی وەزیری بەرگری لە حکومەتی ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت لە بەرامبەر ئەو ئاگربەستەی حکومەت لەگەڵ حەماس پـێیگەیشتووە کە ئەمەش خۆبەدەستەوەدانە لە ئاست تێرۆردا.

گوتیشی لە پاش 48 کاژمێری دیکە لە پـێشکەشکردنی نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەی، ئۆفیسی وەزیری بەرگری جێدەهێڵێت.

بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لای خۆیەوە داکۆکی لە بڕیاری ئاگربەستەکە کرد و ئەمڕۆ لە وتارێکیدا گوتی لە هەندێک بڕیاری ئاسایشی ناکرێت هاوڵاتیان لە وردەکاریـیەکانی ئاگاداربکرێنەوە.

بەڵام حەماس بڕیاری ئاگربەستەکە بە سەرکەوتنێک بۆ خۆی ناودێرکرد و بە هەزاران لایەنگری لە غەززە ڕژانە سەر جادەکان بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان.

جێی ئاماژەیە بە ناوبژیوانی میسر، ئیسرائیل لەگەڵ گروپی حەماس بە ئاگربەست گەیشت، ئەمەش پاش چەند ڕۆژێک لە شەڕە موشەک و ڕۆکێتی نێوانیان.

نزیکەی 460 ڕۆکێت و گولـلە خومپارە لە غەززەوە گیراونەتە ئیسرائیل و ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا 160 شوێنی حەماسی بۆردومانکرد. سەر ئەنجام جگە لە زیانی مادی گەورە لە غەززە، 15 فەڵەستینی بە هێرشی ئیسرائیل کوژران و لە بەرامبەردا ئەفسەرێکی ئیسرائیل بە دەستی فەڵەستینیـیەکان کوژرا لەگەڵ کرێکارێکی فەڵەستینی کە لە ئیسرائیل کاری دەکرد و پارچەی یەکێک لەو ڕۆکێتانەی بەرکەوت کە لە غەززەوە گیرابوونە ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG