Accessibility links

ئیسڕائیل: ئەو ماتۆڕسوارەی لە کەناری ڕۆژئاوا کوژرا ڕەگەزنامەی ئەمەریکی هەبووە


بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن ئەو ماتۆڕسوارەی کە لەلایەن چەکدارێکی گومانلێکراوی فەڵەستینییەوە لە کەناری ڕۆژئاوا تەقەی لێکرا و کوژرا ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسڕائیلیشی هەبووە. کوشتنەکە نوێترین هێرش بوو لەو توندوتیژییانەی کە لە ناوچەکەدا زیادییان کردووە.

حکومەتی ئیسڕائیل وتی پیاوە کوژراوەکە ناوی ئیلان گنێڵسە و تەمەنی 27 ساڵە و خەڵکی وێست هاتفۆردی ویلایەتی کنێتیکتی ئەمەریکایە. هاوڕێیەکی گنێڵس بە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی وت گنێڵس بە بۆنەی ئاهەنگێکی هاوسەرگیرییەوە سەردانی ئیسڕائیلی کردووە و لەسەر شەقامێکی خێرای نزیک دەریای مردووە ماتۆڕسواری کردووە کاتێک تەقەی لێکراوە. بکوژەکەش هێشتا نەدۆزراوەتەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشبەرەکان تەقەیان لە ئوتومبێلێکی ئیسڕائیلی کردووە لە شاری جێریکۆی فەڵەستینییەکان، گنێڵس بەرکەوتووە. وتیشی هێرشبەرەکان چوونەتە ئوتومبێلێکەوە و زیاتر ڕۆیشتوون و دووبارە تەقەیان کردۆتەوە. ئاماژەشی بەوەدا دواتر هێرشبەرەکان ئوتومبێلەکەی خۆیان سووتاندووە و هەڵاتوون.

نەخۆشخانەکە وتی گنێڵس دواتر لە ناوەندی تەندروستی هەدەسە گیانی لە دەستداوە. ڕۆژی چوارشەممە لە شاری ڕانانەی ناوەڕاستی ئیسڕائیل بە خاک دەسپێردرێت. سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانەکەی گنێڵس کرد.

فیدراسیۆنی جووەکان لە ئەمەریکای باکوور وتی " ئیلان کە لەمدواییانەدا زانکۆی تەواو کرد، داهاتوویەکی پرشنگداری لەبەردەمدا بوو. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێزانەکەی و کۆمەڵگەی وێست هارتفۆرد دەکەین و لەگەڵیاندا دەگرین."

کوژرانی گنێڵس ڕۆژێک دوای ئەوە دێت دوو هاوڵاتی ئیسڕائیلی لە باکووری کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن چەکدارێکی فەڵەستینیەوە کوژران.

تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا، 62 فەڵەستینی کە نیوەیان سەر بە گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستین بوون لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیل و هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسڕائیلەوە کوژراون. لە هەمان ماوەشدا، 14 ئیسڕائیلی کوژراون، سەرجەمییان بەهۆی هێرشی فەڵەستینییەکانەوە کوژراون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG