Accessibility links

ئیسرائیل ڕێگە بە ڕەشیدە تڵەیب دەدات سەردانی ئیسرائیل بکات


وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل دەڵێت دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لەبەر هۆکاری مرۆیی ڕێگە بە ڕەشیدە تڵەیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەدەن سەردانی ئیسرائیل بکات.

ئاریـیە درعی وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی بڕیاری دا ڕێگە بە هاتنی ڕەشیدە تڵەیبی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینی بدرێت تاوەکو سەردانی دایەپـیرەی بکات. گوتیشی ڕەشیدە لە نامەیەکدا بەڵێنی داوە لە میانەی سەردانەکەی داوای بایکۆتکردنی ئیسرائیل نەکات.

خانم تزیپی حوتوفلی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پـێنجەشەممە گوتی ڕێگە نادەن هەریەک لە ڕەشیدە تڵەیب و ئیلهان عومەر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل بکەن، چونکە داوای بایکۆتکردنی ئیسرائیل دەکەن.

ئیسرائیل لە ساڵی 2017 یاسایەکی دەرکردووە ڕێگە نادات ئەو بیانیانە بچنە وڵاتەکەیەوە کە داوای بایکۆتکردنی ئیسرائیل دەکەن.

شەوی پـێنجشەممە ڕەشیدە نامەیەکی نووسراوی بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕەوانەکرد و تیایدا نووسیویەتی "ڕەنگە ئەمە دوا هەلم بێت سەردانی دایەپـیرەم بکەم" ..." بەڵێن دەدەم لە میانەی سەردانەکەم داوای بایکۆتکردنی ئیسرائیل نەکەم و ڕێز لە هەموو ڕێساکان بگرم."

ڕەشیدە دایک و باوکی وەک کۆچبەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو گەیشتوونەتە ئەمەریکا و لە ئێستادا دایەپـیرەی لە گوندێکی نزیک شاری ڕامەڵڵا لە کەناری ڕۆژئاوا دەژی.

XS
SM
MD
LG