Accessibility links

بەنجامین نەتەنیاهو بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی ئەردۆغان لە بارەی ئیسرائیل دەداتەوە


بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بە توندی وەڵامی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیای دایەوە لە پاش ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیلی بە فاشست و ڕەگەزپەرست ناودێرکرد.

ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاکەپە) گوتی یاسای بە نەتەوەییکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ هیچ گومانێک دەیسەلمێنێت ئەو دەوڵەتە هەرە زایۆنزم و فاشست و ڕەگەزپەرسترین وڵاتە لە جیهاندا. گوتیشی هیچ جیاوازیـیەک لە نێوان خواستی هیتلەر و حکومەتی ئیسرائیلدا نیـیە.

پاشان داوای لە هەردوو جیهانی ئیسلامی و کرستیان کرد لە دژی ئیسرائیل هەنگاوبنێن.

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە بەرامبەردا لەسەر تویتەرەکەی دەستبەجێ وەڵامی دایەوە و نووسی"ئەردۆغان سوریـیەکان و کوردەکان دەکوژێت و دەیان هەزار هاوڵاتی خۆی خستووەتە زیندانەوە. لە ڕاستیدا هێرشکردنە سەر یاسای دەوڵەتی نەتەوەیی لە لایەن 'دیموکراتە' مەزنەکە ئەردۆغان گەورەترین بەرزنرخاندنی ئەم یاسایەیە."

دواتر لە تویتەرێکی دیکەدا نووسی" تورکیا لە سایەی حوکمڕانی ئەردۆغانەوە بووەتە تاریکستاتنێکی دیکتاتۆری، هاوکات ئیسرائیل زۆر بە باشی وابەستەیە بە یەکسانی مافەکان بۆ هەموو هاوڵاتیانی، پـێش و پاش جێبەجێکردنی ئەم یاسایە."

پەرلەمانی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو یاسایەکی پەسەندکرد کە تیایدا تەنیا مافی چارەی خۆنووسین بە گەلی جوو لە ئیسرائیل دەدات و لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا زمانی عیبری زمانی فەرمی وڵات دەبێت. لە تورکیاش هیچ یاسایەک نیـیە بۆ مافی چارەی خۆنووسین و بەپـێی دەستور هەموو هاوڵاتیان تورکن و تورکی تەنیا زمانی فەرمی وڵاتە.

XS
SM
MD
LG