Accessibility links

ئیسرائیل پـرۆژە بڕیارێکی خۆی لە دژی تورکیا دواخست


حکومەتی ئیسرائیل پـرۆسەی دەنگدانی لەسەر پـرۆژە بڕیارێک دواخست کە دانراوە بۆ دان‌پـیادانان بە جینۆساید ئەرمەنەکان بە دەسـتی عوسمانیـیەکان لە میانەی جەنگی جیهانی یەکەمدا.

کاربەدەستێکی ئیسرائیل بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت حکومەتی وڵاتەکەی دەنگدانەکەی دواخست تاوەکو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەم مەسەلەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی لە هەڵبژاردەکاندا نەقۆزێتەوە.

بڕیاربوو کۆمیتەیەکی وەزاری لە ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە کۆببێتەوە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر پـرۆژە بڕیارەکە کە لە لایەن پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکانی هاوبەندی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنیشەوە ئامادەکراوە.

ئیمانۆئێل نەخشۆن گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرایکرد وەزارەتەکەی داوای لە بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیر کردووە تاووتوێکردنی ئەم بابەتە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، چونکە بابەتێکی لەم جۆرە لە ئێستادا ڕەنگە بە قازانجی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەوێتەوە. گوتیشی سەرۆک وەزیر داواکەی قبوڵکردووە.

بەڵام ئیتزیک شمولی پەرلەمانتاری سەر بە یەکێتی زایۆنی ئۆپـۆزسیۆن لەم بارەیەوە ڕەخنەی توندی لە حکومەتی وڵاتەکەی گرت و لەسەر تویتەر و فەیسبوکی خۆی نووسیویەتی" زۆر بە داخەوە و جێی شەرم و شورەیی‌یە حکومەتی وڵاتەکەمان لە پـرۆژە بڕیارێکی وەها پاشگەزببێتەوە."

هەروەها نووسیوەیەتی" ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی جیهان بەو شێوە ترسنۆکانەیە مامەڵەیان بکردایە لە دانپـیادانان بە تاوانی هۆڵۆکۆستدا ئێستا ئێمە چیمان بەسەر دەهات؟!"

پاشان لە فەیسبووکەکەی نووسیویەتی" سەرۆک وەزیر و وەزیرەکانی نەڕەیان وەک شێرە بەڵام هەر ئەوەندەی ئەردۆغان هەڕەشەیان لێبکات وەک ڕێوی هەڵدێن."

دەشڵێت "چیمان بە وڵاتانی جیهان دەگوت ئەگەر لەبەر دیپـلۆماسیەت و بەرژەوەندی ئابوری دانیان نەنایە بە تاوانی هۆڵۆکوستدا؟"

جێی ئاماژەیە لە مانگی پـێنجەوە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر فەڵەستیـینیەکان تێکچوونەتەوە و هەردوولایان ژمارەیەک لە دیپـلۆماتانی خۆیان کشاندەوە و تەنانەت ئەردۆغان دەوڵەتی ئیسرائیلی بە وڵاتێکی تێرۆرستی ناودێرکرد.

XS
SM
MD
LG