Accessibility links

دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا: بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە بۆ سەر دیمەشق 4 سەربازی سوریایی کوژراون


دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە بەهۆی هێرشێکی موشەکی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچەیەکی نزیک دیمەشقی پایتەخت چوار سەربازی سوریا کوژراون و چوار سەربازی دیکە بریندار بوون.

دەزگای هەواڵی سانای سەر بە دەوڵەتی سوریا وتی هێرشەکە " هەندێک زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە " و موشەکەکان " هەندێک شوێنییان لە ناوچەکانی شاری دیمەشق " کردۆتە ئامانج. بەڵام وردەکاریی زیاتری نەدا.

سەرچاوە سەربازییەکە بە دەزگاکەی وت بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوریا بەرپەرچی هەندێک لە موشەکەکانی ئیسڕائیلییان داوەتەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕەتی کردۆتەوە لێدوان لەسەر هێرشەکە بدات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکە دەکات وتی دوو چەکداری دیکە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون و ئەندامی گروپێکی چەکداریی بوون کە هاوپەیمانی دیمەشق نین.

بەرپرسی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان دەستبەجێ ئاماژەی بەوە نەدا دوو چەکدارەکە خەڵکی کوێ بوون. وتیشی لەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج کۆگایان تێدا بووە کە دەکەونە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە.

شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 دا سەریهەڵدا، هێزە چەکدارەکانی سوریا لەلایەن ئێران و ڕووسیاوە پشتیوانی سەربازییان بۆ دابین کراوە، هاوکات گروپە چەکدارییەکانی لوبنان و عێراق و تەنانەت ئەفغانستانیش پشتیوانییان لێکردووە.

حیزبوڵای لوبنان ئێستا خاکێکی بەرفراوانی لە ڕۆژهەڵات و باشوور و باکووری سوریادا لە ژێر دەستدایە، هەندێک لە ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقیشی لە ژێر دەستدایە.

ماوەی چەندین ساڵە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو ئامانجانەی کە وەکو خۆی دەڵێت پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە لە سوریادا، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سوریا زیاتر کردووە، لە هەوڵێکدا بۆ تێکدانی زیادبوونی بەرچاوی گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکان لە ئێرانەوە لە ڕێی ئاسمانەوە بۆ سوریا.

سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وت لە مانگی دوودا لە هێرشێکدا بۆ سەر دیمەشق دامەزراوەیەک کرایە ئامانج کە بەرپرسانی ئێران تێیدا کۆدەبوونەوە و کارییان تێدا دەکرد بۆ پەرەپێدان بە توانا موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانەکانی ئێران لە سوریادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG