ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئیسرائیل بۆردومانی شوێنێکی حزبوڵڵای لوبنانی لە سوریا کردووە و زیانێکی گەورەی پـێگەیاندووە.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوبەری ڕوانگەی سوریا ئەمڕۆ هەینی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت ئیسرائیل کۆگایەکی تەقەمەنی و موشەکی حزبوڵڵای لوبنانی لە ناو سەربازگەیەک کردووەتە ئامانج کە دەکەوێتە سەر ڕێگای حومس- تەدمر و لە ئاکامدا تەقینەوەی گەورە ڕوویانداوە و هەندێک لە پارچەی تەقینەوەکان گەیشتوونەتە ناو شاری حومسەوە.
تەلال ئەلبرازی پارێزگاری حومس بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی وڵاتەکەی گوت بنکەیەکی سەربازی لەشکری سوریا لە ڕۆژهەڵانی شاری حومس لێی دراوە و هەتا ئێستا نازانرێت بە چی لێی دراوە."
ئاژانسی دەنگوباسی سانای حکومەتی سوریا ئەویش گوتی 10 کەس بەهۆی پارچەی تەقینەوەکان پـێوەبوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری حومس کراون.
هەروەها سانا باسی لە بۆردومانێکی دیکەی ئیسرائیل کرد و گوتی لە پاش نیوە شەویش هەلیکۆپتەری ئیسرائیلی لە ئاسمانی ناوچەی گۆلانەوە ژمارەیەک موشەکی گرتووەتە چەند شوێنێک لە ناوچەی باشوری وڵاتەکە. ئاژانسەکە هیچ زانیاری زیاتری نەدا، بەڵام ڕوانگەی سوریا گوتی موشەکەکان لە شوێنی لەشکری ئێرانی و گروپەکانی لایەنگری دراون.
ئیسرائیل لای خۆیەوە هیچی لە بارەی ئەم هێرشانەوە ڕانەگەیاندووە، بەڵام پـێشتر کاربەدەستانی ئەو وڵاتە دووپاتیانکردووەتەوە کە ناهێڵن ئێران شوێن پـێی لە سوریادا توندبکات و چەک و تەقەمەنی بۆ حزبوڵڵا بنێرێت.