Accessibility links

ئیسرائیل هێرشی موشەکی دەکاتە سەر چەند شوێنێکی پاسدار و حزبوڵڵا لە سوریا


هێرشی ئیسرائیل لە سوریا (ئەرشیف)

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەشکری ئیسرائیل هێرشی موشەکی کردووەتە سەر چەند شوێنێکی حزبوڵڵای لوبنان و هێزەکانی ئێران لە ناوچە گوندیـیەکانی دیمەشق و باشوری سوریا.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ هەینی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردەوە هێرشەکان شەوی ڕابردوو بە دوو جار ئەنجام دراون و لە یەکێکیاندا عەمبارەکانی چەک و تەقەمەنی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان لە چیای مانع لە ناوچە گوندیـیەکانی باشوری دیمەشق بە دوو موشەک کراونەتە ئامانج.

بەپـێی زانیاریـیەکان لەو عەمباری چەکانە بە شێوەیەکی کاتی موشەکیان لێ دادەنرێت بەر لەوەی بۆ شوێنێ دیکە بگوێزرێنەوە.

کۆمەڵەکە دەشڵێت لە هێرشی دووەم موشەکێک گیراوەتە شوێنێک لە ناوچەی حەرفای نێوان هەردوو پارێزگای دیمەشق و قونەیتەرە.

ئاماژە بۆ ئەوەش کرد لە ئەنجامی هێرشەکان ژمارەیەک تەقینەوەی زۆر ڕوویانداوە و هاوکات بەرگریـیە ئاسمانیـیەکانی سوریا موشەکیان گرتووەتە ئاسمانی ناوچەکە.

کۆمەڵەکە دەشڵێت هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە هیچ زانیاریـیەکیان لە بارەی زیانە گیانیـیەکانەوە پـێنەگەیشتووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی سوریا تەنیا نووسیویانە بەرگریـیە ئاسمانیـیەکانیان لە ناوچەی کسوە لە موشەکەکانیان داوە و خستویانەتنە خوارێ و شکستیان بە هێرشەکان هێناوە. بەڵام هیچ وێنەیەک یان ڤیدیۆیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە ڕاگەیاندنەکەیان پـشتڕاستبکاتەوە.

پـێشتر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشی سوریا بڵاویانکردەوە فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی خراوەتە خوارێ، بەڵام زوو لەشکری ئیسرائیل هەواڵەکەی بە درۆ خستەوە.

ئەڤیخای ئەدرعی گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە نووسیویەتی" ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لە بەرکەوتنی فڕۆکەیەکی ئیسرائیل یان ئامانجێکی ئاسمانی ئیسرائیل دەکەن ڕاپـۆرتی درۆن."

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم جارە ئیسرائیل هێرشی موشەکی بکاتە سەر سوریا لە پاش پـێدانی سیستەمی پـێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی ڕووسیایی جۆری S-300 بە دیمەشق لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە.

پـێشتر بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بە ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیای گوتبوو سەرەڕای پـێدانی سیستەمی S-300 بە سوریا، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانی شوێنەکانی ئێران و حزبوڵڵا لە سوریا، ئەمەش لە پـێناو پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG