Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژە بۆ شیانی دروستبوونی پەیوەندی لەگەڵ سوریا دەکات


وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە بە دوری نازانێت ڕۆژێک بێت پەیوەندی نێوان ئۆرشەلیم و دیمەشق دروستببێت تەنانەت ئەگەر بەشار ئەسەدیش لەسەر دەسەڵات بێت.

ئاڤیگدۆر لیبەرمان ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی سەردانێکی بۆ خاڵە سەربازیـیەکان لە بەرزایـیەکانی گۆلان، لە لایەن ڕۆژنامەوانێکەوە پـرسیاری لێکرا، ئایا ڕۆژێک دێت دەروازەی قونەیتەرەی گۆلانی نێوان ئیسرائیل و سوریا بکرێتەوە کە وەک چۆن بەپـێی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات باسی لێکراوە، وە ئایا دەکرێت جۆرە پەیوەندیـیەک لە نێوان هەردوو وڵات هەبێت؟

ئەویش لە وەڵامدا گوتی" پـێموایە زۆر لەمە دورین، بەڵام هیچ شتێکیش بە دور نازانین."

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستی توندی ئیسرائیلی بەرامبەر سوریا نیشان دا و گوتی" هەرچ سەربازێکی سوری بێتە ناوچەی چۆڵکراوی نێوانیان ئەوا ژیانی خۆی دەخاتە بەر مەترسیـیەوە.

تەنانەت ئەوەشی لەسەر تویتەرەکەی خۆی دووپاتکردووەتەوە و نووسیویەتی" لەگەڵ فەرماندە لەشکرییەکان سەردانی باکوری وڵاتەکەمان کرد. ئێمە لای خۆمانەوە بە تەواوی پابەندی ڕێکەوتننامەی ئیسرائیل و سوریای ساڵی 1974 دەبین. بەڵام هەر سەربازێکی سوری لە ناوچەی دابڕاوی نێوانمان بوەستێت ئەوا ژیانی دەکەوێتەبەر مەترسیـیەوە، وە هەروەها کاردەکەین لە دژی هەر ژێرخانێکی تێرۆرستی ئەگەر بزانین لە ناوچەکەدا هەبێت."

هەرچەندە ئیسرائیل بەبێ لایەن بووە لە بەرامبەر شەڕی ناوخۆی سوریا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیان هێرشی ئاسمانی لە دژی حزبوڵڵای لوبنان و ئێران لە ناو سوریا ئەنجامداوە. ئیسرائیل بوونی ئەو گروپە و ئێران لە سوریا بە جێی مەترسـیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی ناودێردەکات، بۆیە ئەگەربێت و دیمەشق کۆتایی بەو پەیوەندیـیە توندانەی لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا بهێنێت و چیتر جێی هەڕەشە نەبێت بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا شیانی هەیە ئۆرشەلیم سیاسەتی خۆی بەرامبەر بگۆڕێت.

ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەر لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیلە بۆ مۆسکۆ کە بڕیارە سبەی چوارشەممە لەوێ لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی مەسەلەی سوریا.

XS
SM
MD
LG