Accessibility links

ئیسرائیل بۆ یەکەم جار ئاشکرای دەکات دەزگا ناوکیـیەکەی سوریای بۆردومانکردووە


سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی ڕێگە بە دوژمنانی نادات ببنە خاوەن چەکی ناوکی، ئەمەش پاش ئەوەی لەشکری ئیسرائیل ئاشکرایکرد لە ساڵی 2007 بە هێرشی ئاسمانی دەزگای ناوکی سوریای وێرانکردووە.

بینجامین نەتەنیاهو ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"حکومەتی ئیسرائیل و لەشکری ئیسرائیل و دەزگای مۆساد ڕێگەیان لە سوریا گرت پەرە بە توانا ناوکیـیەکانی بدات، شایستەی هەموو سوپاسێکن. سیاسەتی ئیسرائیل پـێشتر و بۆ هەمیشە ئەوەیە ڕێگە لە دوژمنانی بگرێت ببنە خاوەن چەکی ناوکی."

پـێشتر گادی ئایزنکۆت سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئیسرائیل لە لێدوانێکیدا گوتی " ئەو پەیامەی لە پشت هێرشە ئاسمانیـیەکەی سەر دەزگا ناوکیـیەکەی ساڵی 2007 ، ئەوەیە ئیسرائیل ڕێگە نادات توانایەک بێتە ئاراوە کە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل دروستبکات. ئەو پەیامە لە ساڵی 1981 درا و هەمان پەیام لە ساڵی 2007 درا و پەیامی ئایندەشمانە بۆ دوژمنانمان."

جێی ئاماژەیە لە 7 ی مانگی شەشی ساڵی 1981 فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئیسرائیل بۆردومانی هەردوو دەزگای ناوکی تەموز 1 و تەموز 2 ی عێراقیان کرد و وێرانیان کردن. ئەم دوو دەزگایە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت بوون و لە قۆناغی دروستکردندابوون.

ئێستاش ئیسرائیل دەڵێت لە شەوی 5 لەسەر 6 ی مانگی نۆی ساڵی 2007 فڕۆکەکانی دەزگای ناوکی ئەلکوبەری سوریایان بۆردومانکردووە. دەزگاکە لە پارێزگای دێر زور بوو و کاتی خۆی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، ئەو شوێنە دەزگایەکی ناوکی ڕژێمی سوریایە و بە نهێنی بە یارمەتی کۆریای باکور دروستدەکرێت.

XS
SM
MD
LG