Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: لە ئەنجامی بۆردومانەکانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل لە سوریا 11 چەکدار کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئەنجامی بۆردومانی شەوی ڕابردووی فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئیسرائیل لە سوریا بەلایەنی کەم 11 چەکدار کوژراون کە حەوتیان سوری نین.

کۆمەڵەکە دەڵێت هێرشەکانی ئیسرائیل لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی هێزی قودسی سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج لە ناوچەکانی کسوە و سەعسەع و فڕۆکەخانەی مەززەی لەشکری کە دەکەونە باشور و باشوری ڕۆژئاوای دیمەشقی پایتەخت.

ئەڤیخای ئەدرعی گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت شەوی ڕابردوو ژمارەیەک هێرشیان کردووەتە سەر دەیان شوێنی هێزی قودس و میلیشا شیعەکانی لەگەڵیدان و هەروەها شوێنی ڕژێمی سوریاش کراونەتە ئامانج.

گوتیشی ئەم هێرشانەیان کاردانەوەیەکی ئیسرائیل بووە لە بەرامبەر هێرشێکی هێزی قودسی ئێران کە ڕۆژی دووشەممە لە سوریاوە 4 موشەکی گرتە ئیسرائیل، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل توانی هەر چوار موشەکەکە تێکبشکێنێت بەر لەوەی بگەنە سەر خاکی ئیسرائیل.

هەروەها گوتی ئەم هێرشەی ئێران جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت ئامانجی ڕاستەقینەی ئێران لە سوریا چیـیە، ئەویش ئاسایشی ئیسرائیل و خەڵکەکەی بخاتە بەر مەترسیـیەوە، بۆیە هەرگیز ئیسرائیل ڕێگە بەوە نادات و ڕێوشوێنی پـێویست لە دژی دەگرێتەبەر.

ئەدرعی حکومەتی سوریاشی بەرپـرسیارکرد لە بوونی هێزی ئێرانی لە سوریا و هێرشکردنیان بۆ سەر ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG