Accessibility links

نەتەنیاهو: چوونە دەرەوەی هێزە دەرەکیـیەکان لە سوریا ئامانجی ئیسرائیل و ئەمەریکا و ڕووسیایە


سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی و ئەمەریکا و ڕووسیا چەند ئامانجێکی هاوبەشیان لە سوریا هەیە، لەوانە هەموو ئەو هێزە دەرەکیـیانەی چوونەتە ناو سوریا لە پاش شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە، لەوێ نەمێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی هەرسێ وڵاتی ئیسرائیل و ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئۆرشەلیم، بەنجامین نەتەنیاهو گوتی ئامانجی هاوبەشی ئەم سێ وڵاتە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریـیە لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا و هەروەها ڕێگەگرتن لە هێزە دەرەکیـیەکانی لە پاش ساڵی 2011 وە چوونەتە ناو سوریا، لەوەی لە ناو ئەو وڵاتە نەمێننەوە."

گوتیشی وتووێژەکانی ئەمڕۆ لە ئۆرشەلیم بەڕێوەچوون، بنەمای باشیان داناوە بۆ هاوکاریکردنی هەرسێ وڵات.

جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لای خۆیەوە گوتی ئێران هۆکاری کێشەکانی ناوچەکەیە و کاردەکات بۆ قۆڵکردنی ناکۆکیـیەکان لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە گروپە تێرۆرستیـیەکان و کارە قێزەوەنەکانیان.

گوتیشی ئێران پشتیوانی دەکات لە ملیشیاکانی حزبوڵڵا لە لوبنان و ڕژێمی ئەسەد لە سوریا و چەک ڕەوانەی ملیشیاکان لە عێراق و حوثیـیەکان لە یەمەن دەکات و هەوڵیش دەدات پشتیوانی لەو ملیشیانە بکات کە لە ئەفغانستان لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا کاردەکەن.

سەبارەت بە ناوەکیـیەکەی ئێران، بۆڵتن گوتی تاران نیشانی نادات نیازی هەبێت دەستبەرداری خواستی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی ببێت و هیچ بەڵگەیەکیش نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات ئێران چەکی کۆمەڵکوژی ناوێت.

جەختی کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزاکان لە دژی ئێران هەتا ئەو کاتەی کاربەدەستانی تاران دەگەڕێنەوە بۆ سەر مێزەکانی دانوستاندن.

نیکۆلای پاترۆشێڤ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا ئەویش گوتی ڕووسیا و ئێران لە سوریا هاوکاری دەکەن بۆ شەڕی دژە تێرۆر. گوتیشی ڕووسیا دەیەوێت ئیسرائیل لە ئاشتی و ئارامیدا بێت.

XS
SM
MD
LG