Accessibility links

ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر سوریا


سوپای ئیسڕائیل وتی موشەکێکی سوری زەوی بۆ ئاسمان لە باشووری ئیسڕائیل تەقیوەتەوە، ئەم ڕووداوەش بووە هۆی داگیرسانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەیەکی نزیک کارخانەی دیمونەی ناوەکیی ئیسڕائیل.

هیچ هەواڵێک لەسەر زیانی گیانی یاخود ماددی لە ئیسڕائیلەوە بڵاونەکراوەتەوە.

سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا وەکو وەڵامێک هێرشێکی ئاسمانی کردۆتە سەر ژمارەیەک باتریی موشەک لە سوریا، لەنێویشیاندا ئەو باترییەی موشەکەکەی هەڵداوە و لە باشووری ئیسڕائیل کەوتە خوارەوە.

دەزگای هەواڵی عەرەبیەی سوری وتی بەرگری ئاسمانی سوریا بەرپەرچی هێرشەکەی ئیسڕائیلی داوەتەوە کە ناوچەکانی دیمەشقی کردۆتە ئامانج.

وتیشی " بەرگری ئاسمانیمان بەرپەرچی موشەکەکانی دوژمنیان داوەتەوە و هەندێکیانی تێکشکاند."

وتیشی چوار سەرباز بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوون و زیانی ماددیش هەبووە.

وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل وتی موشەکە سورییەکە بە ئاڕاستەی فڕۆکە ئیسڕائیلیەکان هەڵدراوە و دواتر ئامانجەکەی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە ناوچەی دیمونە.

وتیشی موشەکەکە لە جۆری ئێس ئەی-6 بووە و یەکێک بووە لەو کۆمەڵە موشەکەی ئاڕاستەی سوپای ئیسڕائیل کراون، وتی کارخانەکەی نەپێکاوە و 30 کیلۆمەتر دوور لە کارخانەکە کەوتۆتە خوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG