بەرپرسانی ئیسڕائیل ڕایانگەیاند وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئیلی کۆهین ڕۆژی دووشەممە ڕابەرایەتی شاندی وڵاتەکەی کردووە بۆ سودان، ئەمەش چەند مانگێکی کەم دوای ڕازیبوونی سودان لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
ئۆفیسی کۆهین لە ڕوونکردنەوەیەکدا وتی سەردانەکەی ڕۆژی دووشەممە یەکەمین سەردانی وەزیرێکی ئیسڕائیلە کە ڕابەرایەتی شاندی وڵاتەکە بکات بۆ سودان.
بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی سودان باسیان لە سەردانەکەی شاندە ئیسڕائیلیەکە نەکرد کە لە هەمان ڕۆژدا کۆتاییان بە سەردانەکەیان هێنا و گەڕانەوە بۆ ئیسڕائیل.
وەزارەتی هەواڵگری ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەندامانی شاندەکە چاوییان بە سەرۆکی دەوڵەتی سودان فەریق ئەوەل عەبدولفەتاح بورهان و وەزیری بەرگری یاسین ئیبراهیم کەوتووە و گفتوگۆیان لەسەر بابەتە سیاسیی و ئاسایش و ئابوورییەکان کردووە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " بۆ یەکەمین جار نوسراوێک لەنێوان وەزیری بەرگری سودان و کوهیندا سەبارەت بەو بابەتانە واژۆ کراوە."
هەروەها " تاوتوێی پتەوکردنی هاریکارییەکانیشیان کردووە لەڕووی هەواڵگرییەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس