Accessibility links

ئیسڕائیل شوێنێکی حەماس لە غەزە بۆردومان دەکات


سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل شوێنێکی سەر بە بزوتنەوەی حەماسیان لە کەرتی غەزە بۆردومان کردووە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی باڵۆنی گڕدار لە غەزەوە بەرەو ئیسڕائیل.

هێشتا هیچ هەواڵێک نیە لەسەر کەوتنەوەی بریندار یاخود کوژراو لە هێرشەکەی ئیسڕائیلدا، بەڵام سوپای ئەو وڵاتە وتی هێرشەکان شوێنێکیان لەغەزە کردۆتە ئامانج کە حەماس بۆ دروستکردنی چەک بەکاریدەهێنێت.

لەلای خۆیانەوە فەڵەستینیەکان دەڵێن ئامانج لە هەڵدانی باڵۆنە گڕدارەکان بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل فشار کردنە سەر ئەو وڵاتەیە تاوەکو کۆتوبەندەکانی سەر کەرتەکە کەم بکاتەوە کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکەی مانگی پێنجەوە توندتر کراونەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو کاتێک ئیسڕائیل هەندێک لە کۆتوبەندەکانی سەر غەزەی لابرد، هەڵدانی باڵۆنە گڕدارەکان کەمبوونەوە، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە دووبارە هەڵدرانەوە و بووە هۆی گڕگرتنی چوار کێڵگەی نزیک لە شارەکانی ئیسڕائیلەوە لەسەر سنوور.

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی باڵۆنی گڕدار بەرەو خاکەکانی ئیسڕائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل شوێنێکی دروستکردنی چەکی سەر بە حەماسیان بۆردومان کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG