Accessibility links

دوو چەکداری گومانلێکراوی عەرەب دوو کەس لە ئیسڕائیل دەکوژن و دواتر دەکوژرێنەوە


خزمەتگوزاری فریاکەوتنی خێرای ئیسڕائیل وتی دوو چەکداری گومانلێکراوی عەرەب دوو کەسیان لە ئیسڕائیل کوشتووە و دواتر بە فیشەک کوژراونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ئیسڕائیل دەکات و لەوێ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی عەرەبیدا کۆدەبێتەوە.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی تەقەکردنەکەی ڕانەگەیاندووە کە لە شاری هەدیرای ئیسڕائیل ڕوویدا.

ئەم هێرشە پێنج ڕۆژ دوای ئەوە دێت دانیشتوویەکی عەرەب لە ئیسڕائیل لە شاری بیرشیبا لانی کەم چوار کەسی بە چەقۆ کوشت، دواتر لەلایەن هاوڵاتیەکەوە بە فیشەک کوژرا.

گرتە ڤیدیۆی کامێرا چاودێرییەکان لەسەر کەناڵەکانی ئیسڕائیل پەخشکران و تیایدا دەردەکەوێت دوو کەس تەقە بەڕووی شەقامێکی سەرەکیدا دەکەن لە هەدیرا.

خزمەتگوزاری فریاکەوتنی دەیڤد ئادۆم وتی چەکدارەکان دوو کەسیان کوشتووە. پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن دوو چەکدارەکە بە فیشەک کوژراونەتەوە.

وتەبێژی پۆلیسی نیشتیمانی ئیسڕائیل ئێلی لیڤی بە کەناڵی کانی ئیسڕائیلی وت " خۆشبەختانە ئەفسەرەکانمان توانییان هێرشبەرەکان بکوژنەوە و ڕێگەیان نەدا هێرشە تیرۆریستییەکە گەورەتر بببێت."

هاوکات لە باشووری ئیسڕائیل وەزیرانی دەرەوەی ئیماڕات و بەحرەین و مەغریب، کە لە ساڵی 2020 دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردەوە، میوانداری دەکرێن لە کۆبوونەوەیەکدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش ئامادەی دەبێت.

بەرپرسانی ئاسایشی ئیسڕائیل ئاگادارییان داوە سەبارەت بە زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر ئیسڕائیلییەکان لەمیانەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، لە ڕابردوودا لەو مانگەدا هەمیشە هێرشەکان دژی ئیسڕائیلییەکان زیادیکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG