ئیسڕائیل گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینی بە تۆمەتی شاردنەوەی کۆگای چەکەکانی لەنزیک ناوچەکانی دانیشتوان تۆمەتبار کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک وێنەی بڵاوکردەوە کە بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن کۆگای چەک و تونێلن لەنزیک قوتابخانەیەک و کارگەیەکی پێپسیدا.
سەرکردایەتی باشووری سوپای ئیسڕائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان گرتوویەتی و دەڵێت گرتەکە تونێل و شوێنی دروستکردنی چەکی تێدایە کە سەرجەمییان دەکەونە ناو ناوچەکانی هاووڵاتیانی مەدەنییەوە، لەو شوێنانەش نزیک نەخۆشخانەی ئەل شیفا و زانکۆی ئیسلامی غەززە.
شوێنەکانی دیکە بریتین لە قوتابخانەیەک و ناوەندێکی تەندروستی و کتێبخانە و مزگەوتەکان.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز وتی " حەماس لە نێو ناوەندەکانی دانیشتوانەوە هێرشەکانی ئەنجام دەدات و ناوەندەکانی دانیشتوانیش دەکاتە ئامانج. جیهان دەبێت ئاگاداری ئەم تاوانە بێت دژ بە مرۆڤایەتی و باجێکی گەورە لە حەماس بسەنێت."
وتیشی ئیسڕائیل بە بەهێزییەوە بەرگری لە دانیشتوانەکەی دەکات.
لەلای خۆیەوە گروپی چەکداریی ئیسلامی حەماس بەیاننامەکەی ئیسڕائیلی ڕەت کردەوە.
وتەبێژی حەماس حازم قاسم وتی " ئەمە ئەو درۆیانەن کە داگیرکەر بڵاوییان دەکاتەوە تاوەکو بیانوو بۆ تاوانەکانی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان بهێنێتەوە کە لە شەڕەکانیدا دژی غەزە ئەنجامیداون."
وتیشی " هۆشداری دەدەین لەسەر ئەوەی ڕەنگە ئەم درۆیانە پاساوێک بن بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتری دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئیسڕائیل حەماس بە تۆمەتی شاردنەوەی چەکەکانی لەنزیک ناوچەکانی دانیشتوان تۆمەتبار دەکات
