Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت 138 بارمتە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە


بەرپرسان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وت هێشتا 138 بارمتە ماونەتەوە کە لە غەززە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە گیراون، ئەمەش دوای ئەوەی کەسێکی دیکەیان بۆ لیستەکە زیاد کرد کە پێشتر لە دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو بێسەروشوێن لە قەڵەم درابوو.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ژمارە نوێیەکەی ڕاگەیاند، بەڵام هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بەو 138 بارمتەیەی کە ماونەتەوە نەدا و هیچ زانیارییەکیشی لەسەر ئەوە نەخستەڕوو بەرپرسانی ئیسڕائیل چۆن توانیویانە دۆخی ئەو 138 کەسە پشتڕاست بکەنەوە.

پێشتر بەرپرسانی ئیسڕائیل وتییان هێشتا 137 بارمتە لە غەززە ماونەتەوە و 20 ژن و دوو منداڵیشییان تێدایە.

بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لە هێرشەکەی مانگی ڕابردووی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 240 کەس بە بارمتە گیراون و گواستراونەتەوە بۆ کەرتی غەززە، هەروەها دەڵێن نزیکەی 1200 کەسیش لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کوژراون.

ئیسڕائیلیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بەردەوام بۆردومانی کەرتی غەززەی کردووە، لە ئێستاشدا سەنگی هێرشەکانی خستووەتە سەر باشووری غەززە کە پێشتر وەکو شوێنێکی پارێزراو سەیر دەکرا. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە نزیکەی 16,000 فەلەستینی کوژراون.

لە ماوەی ئاگربەستە حەوت ڕۆژییەکەشدا کە لە مانگی یانزەدا دەستیپێکرد 105 بارمتە تێیدا ئازاد کران، 80 کەسییان لە بەرامبەر ئازادکردنی 240 زیندانیکراوی فەلەستینیدا ئازاد کران.

پێنج بارمتەی دیکە پێش ئاگربەستەکە ئازادکرابوون، یەکێکیش لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسڕائیلدا ئازاد کرا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG