Accessibility links

سەرۆکی پـێشووی هەواڵگری ئیسرائیل: دەزانین چۆن لە سیستەمی S-300 بدەین


سەرۆکی پـێشووی دەزگای هەواڵگری لەشکری ئیسرائیل دەڵێت ئەگەربێت و سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-300 لە لایەن سوریایـیەکانەوە بخرێتەگەڕ، ئەوا دەبێتە ئامانجێکی ئیسرائیل و لێی دەدرێت.

عامۆس یەدلین لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"ئەگەر سەکۆکانی S-300 لە لایەن ڕووسیایـیەکانەوە بخرێتەگەڕ، ئەوا شتێکی نوێ نیـیە، ئەوان زیاتر لە دوو ساڵە لە سوریا S-400 کە پـێشکەوتووتریشە کاری‌پـێدەکەن، وە هیچ لە دژی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل یان ئەمەریکا بەکاریان نەهێناون. بەڵام ئەگەر بێت و لەلایەن سوریایـیەکانەوە کاریان پـێبکرێت، ئەوا ئیسرائیل دەزانێت چۆن لێـیان بدات. وە بەوەش ناوبانگی سیستەمەکانی بەرگری ڕووسیا دەشکێت."

هەروەها نووسویەتی پـێدانی سیستەمی S-300 بە سوریایـیەکان هیچ لە تەرازوی هێزەکان ناگۆڕێت. هیچ سیستەمێکی بەرگری نیـیە تێکنەشکێنرێت. دەڵێت ئیسرائیل فڕۆکەی F-35 ی هەیە کە ڕێک کراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەمەکانی لەم شێوەیە.

لە بەشێکی نووسینەکانی دەشڵێت ڕووسیا باش دەزانێت ئیسرائیل تەنیا جموجۆڵەکانی ئێران لە سوریا دەکاتە ئامانج، وە ئیسرائیل و ڕووسیا دوژمنی یەکتر نین و هیچ هۆکارێک نیـیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە. دەشێڵێت ڕووسیا چاک دەزانێت ئیسرائیل دەتوانێت ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنێت، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیـیەکانی ڕووسیا ئەو کارە ناکات.

جێی ئاماژەیە عامۆس یەدلین جگە لەوەی لە ساڵانی نێوان 2006 بۆ 2010 سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لەشکری ئیسرائیل بووە، یەکێکیشبووە لەو فڕۆکەوانانەی بەشداریان کردبوو لە هێرشە ئاسمانیـیەکەی ساڵی 1981 ی سەر دەزگا ناوکیـیەکەی عێراق.

ئیسرائیل سوورە لەسەر لێدانی جموجۆڵەکانی ئێران لە سوریا. ڕۆژی دووشەممە بەنجامین نەتەنیاهو لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا گوتی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندیـیەکانی خۆی، ئەمەش سەرەڕای بڕیاری مۆسکۆ بۆ پـێدانی S-300 بە سوریا.

XS
SM
MD
LG