Accessibility links

ڕۆژنامەیەک: ڕووسیا لە پـێدانی سیستمی S-300 بە سوریا پاشگەزدەبێتەوە


ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ڕووسیا دەڵێت کاربەدەستێکی گەورە لە کرملێن گوتویەتی وڵاتەکەی وتووێژ لەگەڵ حکومەتی سوریا ناکات لە بارەی پـێدانی سیستمی بەرگری موشەکی S-300 .

ڕۆژنامەی ئیزڤێستیا ئەمڕۆ هەینی لە زاری ڤلادیمیر کۆژین یاریدەدەری ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری یارمەتیـیە لەشکریـیەکانی ڕووسیا بۆ وڵاتانی دیکە ئەمەی بڵاوکردەوە، ئەمەش پاش سەردانەکەی ئەم دوایـیانەی بنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بۆ مۆسکۆ کە وەک ڕاپـۆرتەکان ئاماژەی بۆ دەکەن نەتەنیاهو فشارێکی گەورەی خستووەتە سەر پـوتن تاوەکو موشەک بە سوریا نەدات.

مانگی ڕابردوو لە پاش هێرشە ئاسمانی و موشەکیـیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر سوریا لە کاردانەوە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن دیمەشقەوە، ڕووسیا باسی لەوە کرد سیستمی بەرگری موشەکی بە حکومەتی سوریا دەدات.

سێرگی لاڤرۆڤ کوتبووی ئەو هێرشانەی کرانە سەر سوریا وەهایان لە ڕووسیا کرد هیچ پابەندبوونێکی ئەخلاقی نەمێنێت بە پـرسی نەدانی موشەک بە دیمەشق. ڕۆژنامەی کۆمێرسانتی ڕووسیا لە سەرچاوەیەکی لەشکری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە پـرۆسەی پـێدانی ئەم چەکە لەم نزیکانە دەسـتپـێدەکات.

بەڵام ڤلادیمیر کۆژین بە ڕۆژنامەی ئیزڤێستیا گوتووە لە ئێستادا مۆسکۆ هیچ وتووێژێک لەگەڵ دیمەشق ئەنجام نادات سەبارەت بە پـێدانی هەر جۆرە سیستمێکی بەرگری پـێشکەوتوو. گوتوشیەتی لەشکری سوریا هەرچیەکی پـێویست بێت هەیەتی.

XS
SM
MD
LG