میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی،16ی مانگی دوو ڕایانگەیاند سوپای وڵاتەکە بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە بە پشتبەستن بە قسەی ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییانەی لە دەستی حەماس ڕزگاریان بووە وهەروەها بەپێی زانیاری باوەڕپێکراو کە بەدەستیان هێناوە، لەنێویاندا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەندامانی دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی حەماس، بۆیان دەرکەوتووە حەماس ژمارەیەک ئیسرائیلی ڕفێندراویان لە نەخۆشخانەکەدا گرتووە و بۆیە تا دۆزینەوەی بارمتەکان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان.
هاوکات بەرپرسانی تەندروستی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، پێنج نەخۆش کە لەژێر چاودێری چڕدابوون، دوای تەواوبوونی ئۆکسجینەکەیان لە نەخۆشخانەی سەرەکی باشووری غەززە کە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە گەماڕۆ دراوە، گیانیان لەدەستدا وئەمەش وایکردووە پزیشکەکان و نەخۆشەکان لەو پشێویەدا کە دروست بووە بێ دەسەڵات بن.
سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ناسڕ "ورد و سنووردار" بووە، وتیشی لەو زانیارییانەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئاماژەیان بەوەداوە چەکدارانی حەماس لە نەخۆشخانەکەدا خۆیان حەشارداوە و بارمتەکانیشییان لەوێ داناوە، هەروەها دەڵێت ڕەنگە هەندێک لە لاشەی بارمتەکانیش لەوێ بن.
وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵیت پێنج نەخۆش لە یەکەی چاودێری وردی نەخۆشخانەکەدا گیانییان لە دەستدا، ئەوەش بەهۆی پچڕانی هێڵی کارەبا و نەمانی ئۆکسجینەوە.
لەدوای گەمارۆدانی ئەو ناوەندە پزیشکییە لە خان یونس لەم هەفتەیەدا، زیاتر لە چوار هەزار فەلەستینی کە پەنایان بۆ ئەم نەخۆشخانەیە بردبوو بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان لە بۆردومانی ئیسرائیل، هەڵاتوون بۆ شوێنەکانی دیکە، بەڵام تا ئێستاش تاقمێک لەو ئاوارانە کە بە نزیکەی هەزار کەس مەزەندە دەکرێت لە چادرەکانی نەخۆشخانەی ناسردا ماونەتەوە.
تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە بارودۆخی غەززەی بە " هاوشێوەی دۆزەخ" ناوبرد، لەکاتێکدا داوای ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێی کرد.
ئەدهانۆم لە پۆستێکدا لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح دەبێتە هۆی ئازارێکی بێ وێنە و نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بەو ڕووداوە دووپات کردووەتەوە.
ئیسرائیل دەڵێت هێرش بۆ سەر ڕەفەح پێویستە بۆ لەناوبردنی دوایین یەکەکانی حەماس و گەیشتن بە ئامانجەکانی لە شەڕدا.
سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانییان زیاتر لە 20 فەلەستینییان دەستگیرکردووە کە بەشداربوون لە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل، ئەمەش لە هێرشێکدا کە دەیانی دیکە بە مەبەستی لێپرسینەوە لێیان دەستبەسەرکراون. وتیشی سەربازەکان تەقەمەنی و چەکییان لە نەخۆشخانەکەدا دۆزیوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە پێشتر لەم هەفتەیەدا وتی 10,000 کەس نەخۆشخانەکە وەکو پەناگە بەکاردەهێنن، بەڵام زۆرێکییان نەخۆشخانەکەیان لە ترسدا جێهێشت چونکە دەیانزانی هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکە نزیک بووەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز