Accessibility links

ئیسڕائیل بۆ ناو ڕەفەح پێشڕەوی دەکات و ئەمەریکا داوای پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل دەکات


ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئیسڕائیل ڕووبەڕووی چەکدارانی حەماس بوونەوە لە باشوور و باکووری غەززە، هاوکات وەزارەتی تەندروستی غەززە هۆشداریدا لەسەر کەمبوونەوەی ئەو سوتەمەنییەی کە پێویستە بۆ ئیشپێکردنی بزوێنەرەکانی نەخۆشخانەکە و ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن، ئەوەش وایکردووە سیستمە تەندروستییەکەی نەخۆشخانەکە بکەوێتە لێواری ڕووخانەوە.

شایەتحاڵان دەڵێن لە کامپی پەنابەرانی جەبەلییەی باکووری غەززە شەڕ ڕوویداوە، کامپەکە یەکێکە لەو ناوچانەی باکووری غەززە کە هێزەکانی ئیسڕائیل گەڕاونەتەوە بۆی و سوپا دەڵێت چەکدارانی حەماس لەو ناوچانە خۆیان ڕێکدەخەنەوە.

دانیشتوان دەشڵێن لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە کە سنووری بە میسڕەوەیە، بۆردومانکردن و هێرشێکی زەمینی چڕ هەیە.

درەنگانێکی ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەنتۆنی بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانتدا " دژایەتی ئەمەریکای دەربڕیوە بۆ هێرشێکی سەربازیی گەورە لە ڕەفەح ".

وەزارەتەکە وتی بلینکن جەختیشی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردووەتەوە بۆ " ئامانجە هاوبەشەکەی شکستهێنان بە حەماس "، هاوکات تیشکی خستووەتە سەر پێویستییەکان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و داوای لە گالانت کردووە " یارمەتیدەر بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی بەردەم دابەشکردنی یارمەتییەکاندا لە ناو غەززە، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل حەماس دەکاتە ئامانج."

نزیکەی 300,000 فەلەستینی لە کۆی ئەو 1.3 ملیۆن هاووڵاتییەی کە پێشتر سوپای ئیسڕائیل فەرمانی پێکردبوون ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی غەززە چۆڵ بکەن و بچن بۆ باشووری غەززە، ئێستا جارێکی دیکە ئیسڕائیل فەرمانی پێکردوونەتەوە باشوور جێبهێڵن، ئەمجارە بەرەو باکووری ڕۆژئاوای ڕەفەح، کە ناوچەیەکە دەکەوێتە هێڵی کەناری دەریای ناوەندی غەززە.

ڕۆژی یەکشەممە کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک وتی بەردەوامیی شەڕەکە و فەرمانەکانی چۆڵکردن " بوونەتە هۆی ئاوارەبوونێکی زۆر گەورەی دانیشتوانەکە کە پێشتریش زەبر و زەنگێکی زۆرییان بەرکەوتووە."

تورک وتی خەڵکەکە بۆ کوێ بچن لە غەززە، وتی " هیچ شوێنێکی پارێزراو نیە " لە غەززەدا.

تورک وتی " چەندین جار ئاگاداریم داوە سەبارەت بە کاریگەرییە کارەساتاوییەکەی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ڕەفەح، بە ئەگەری ڕوودانی تاوانی دیکەی دڕندانەوە."

پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممەدا بلینکن بە پڕۆگرامی Meet the Press ی کەناڵی ئێن بی سی وت ئیسڕائیل هیچ پلانێکی دیاریکراوی نیە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، یاخود دابینکردنی یارمەتییەکی مرۆیی باش بۆ ئەو هاووڵاتییانە.

بلینکن وتی " شتێکی تر هەیە کە گرنگە، تاوەکو ئێستا پلانێکمان نەبینیوە بۆ ئەو ڕۆژەی دوای ئەوەی جەنگەکەی غەززە کۆتایی دێت. چونکە ئێستا ئەو ئاڕاستەیەی کە ئیسڕائیلی لەسەرە، تەنانەت ئەگەر کارێکی قورسیش بکات لە ڕەفەح، هێشتا هەزاران چەکداری حەماس هەر دەمێننەوە."

وتیشی " ئێمە ئەوەمان بینیوە لەو ناوچانەی کە ئیسڕائیل لە باکوور پاکی کردوونەتەوە، تەنانەت لە خان یونسیش، دەبینین کە حەماس دەگەڕێتەوە."

وتی " لەبەرئەوە ئاڕاستەکە ئێستا ئەوەیە کە ئیسڕائیل دەچێتە ناو ڕەفەحەوە، تەنانەت بۆ ئەوەی کە ئەو چوار فەوجەی حەماس لە ناوببات، بە تایبەتی لە نێوەندی نەبوونی پلانێکدا بۆ هاووڵاتیانی سڤیل، مەترسی گەیاندنی زیانێکی گەورە بە هاووڵاتییانی سڤیل دروست دەکات و کێشەکە چارەسەر ناکات، کێشەیەک کە هەردوولامان دەمانەوێت چارەسەری بکەین، ئەوەی کە دڵنیا ببینەوە لەوەی حەماس نەتوانێت جارێکی دیکە غەززە بەڕێوەبباتەوە."

ئەمەریکای دابینکاری سەرەکی چەک بۆ ئیسڕائیل، چەندین جار هۆشداریداوە دژی هێرشێکی بەرفراوانی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕەفەح، بەڵام هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بەردەوام بوون لە بۆردومانەکان و هێرشی زەمینی سنووردارییان ئەنجامداوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG