ئیسڕائیل و پۆڵەندا ڕێکەوتوون لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو وارشۆ یاسایەکی پێشنیار کرد کە تیایدا توانای جووەکانی بۆ بەدەستهێنانەوەی موڵکەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم سنووردار کرد و ئەوەش بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
ڕۆژی دووشەممە ئیسڕائیل و پۆڵەندا وتیان بە هاوبەشی باڵیۆزەکانیان دووبارە دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتانی یەکتر.
ئەم هەنگاوەش گۆڕانکارییەکە بۆ سەرۆک وەزیری نوێی ئیسڕائیل یائیر لاپید کە پێشتر وەکو وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل سەرکۆنەی پڕۆژە یاساکەی پۆڵەندای کردبوو و بە " یاسایەکی دژە جوو و نائەخلاقی " ناوی بردبوو.
پڕۆژە یاساکەی پۆڵەندا کاردەکاتە سەر ئەو موڵکانەی کە لەلایەن داگیرکەرە نازییەکانی ئەڵمانیاوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا دەستیان بەسەرداگیرا و دواتریش دوای جەنگەکە دەسەڵاتدارە شیوعییەکانی پۆڵەندا دەستیان بەسەرداگرتن.
سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ دوابەدوای گفتوگۆکەی لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودادا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕێکەوتن کراوە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکان دەچنەوە سەر ئاڕاستەی گونجاوی خۆیان."
بەیاننامەکە دەڵێت " هەردوو سەرۆکەکە هیواخوازن لە داهاتوودا هەر کێشەیەک بکەوێتە نێوان پۆڵەندا و ئیسڕائیلەوە لەڕێی گفتوگۆیەکی دڵسۆزانە و کراوەوە چارەسەر بکرێن و گفتوگۆکان لە ڕێزگرتنی هاوبەشەوە سەرچاوە بگرن."
ئۆفیسی سەرۆکی پۆڵەندا وتی باڵیۆزی پۆڵەندا بۆ ئیسڕائیل لەنێوەندی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا بانگکراوەتەوە بۆ پۆڵەندا و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئیسڕائیل. ئۆفیسی سەرۆکی ئیسڕائیلیش وتی باڵیۆزی دەستنیشانکراوی نوێی ئیسڕائیل بۆ پۆڵەندا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕوانامەکانی خۆی پێشکەش دەکات.
ماڵپەڕی هەواڵی ئۆنێت لە زاری ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی پۆڵەندا جەیکۆب کومۆچەوە بڵاویکردەوە " هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسڕائیل باش بکەینەوە. لێرەدا دۆڕاو و براوە نیە لێرەدا. یەک دەرفەتی دیکە دەدەین بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز