Accessibility links

پاراگوای بووە سێیەم وڵات باڵیۆزخانەی خۆی لە ئیسرائیل بۆ ئۆرشەلیم بگوێزێتەوە


پاراگوای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل گواستەوە بۆ شاری ئۆرشەلیم، بەمەش بووە سێـیەمین وڵات لە پاش ئەمەریکا و گواتیمالا لەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە شاری تەل ئەڤیڤ بۆ پایتەختی ئیسرائیل بگوێزنەوە.

ئۆراسیۆ کارتێس سەرۆکی پاراگوای و بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە پـێکەوە ئامادەی مەراسیمی گواستنەوەی باڵیۆزخانەکە بوون.

سەرۆکی پاراگوای بۆنەکەی بە ڕۆژێکی مێژووی ناودێرکرد و گوتی ئەم هەنگاوەی وڵاتەکەی مانایەکی گەورەی هەیە و گوزارشت دەکات لەو دۆستایەتیـیە ڕاستەقینە و هاوسۆزیـیەی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیەتی.

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لای خۆیەوە دەستخۆشی لە پاراگوای کرد و گوتی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات زیاتردەبێت، بە تیابەتی لە بوارەکانی ئاسایش و کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیا.

جێی ئاماژەیە ئیلادیۆ لویساگۆ وەزیری دەرەوەی پاراگوای هەینی ڕابردوو گوتی وڵاتەکەی بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی بۆ ئۆرشەلیم داوە بەبێ ئەوەی کەوتبێتە ژێر کاریگەری هەرچ وڵاتێکی دیکە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 14 ی مانگی پـێنج باڵیۆزخانەکەی بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە، بەوەش بووە یەکەمین وڵات ئەم هەنگاوە بنێت. بە دوایدا لە 16 ی مانگ گواتیمالا بە هەمان شێوە باڵیۆزخانەکەی لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە.

XS
SM
MD
LG