Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا دوو فەڵەستینی دەکوژرێن


بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینییەکان دەڵێن سوپای ئیسڕائیل چەکدارێکی تەمەن 21 ساڵی فەڵەستینییان لە ماوەی ئەرکێکی دەستگیرکردندا لە کەناری ڕۆژئاوا کوشتووە. ئیسڕائیلیش دەڵێت هێرشبەرێکی فەڵەستینی لە باشووری ناوچەکە بە چەقۆ هێرشی کردۆتە سەر ئیسڕائیلییەک و دواتر تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

ئەمەش لە نوێترین توندوتیژیدا کە بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانەوە لە کەناری ڕۆژئاوا دروستبوون.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی ئەحمەد ئەبو جونەید چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی فیشەک لە سەری داوە گیانی لە دەستداوە، ئەوەش لە ماوەی هێرشێکی ئیسڕائیلدا بۆ سەر کامپی پەنابەرانی بالاتا لە شاری نابلوسی باکووری کەناری ڕۆژئاوا.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە چەند ئەرکێکی دەستگیرکردنیان لە سەرانسەری کەناری ڕۆژئاوا ئەنجام داوە. لە کامپی بالاتا شەڕە تەقەیەک لە نێوان چەکدارە فەڵەستینییەکان و هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیلدا ڕوویداوە. ئاماژەشی بەوەدا فەڵەستینییەک بەرکەوتووە.

بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتیان هێزە تایبەتەکانی ئیسڕائیل لە ماوەی ئەرکی دەستگیرکردنەکاندا گەمارۆی خانوویەکیان داوە لە کامپەکەدا و تەقەیان کردووە و گازی فرمێسک ڕژێنیان ڕشتووە و نارنجۆکی هۆشبەرییان هەڵداوەتە ناو کۆمەڵێک گەنجەوە.

لیوای شەهیدانی ئەل ئەقسا کە میلیشیایەکی چەکدارییە و سەر بە فەتحە، فەتحیش پارتێکی سیکولارییە کە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانی کردووە، ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ئەبو جونەید یەکێک بووە لە چەکدارەکانیان. تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا پێنج فەڵەستینی بە تەقەی ئیسڕائیلییەکان کوژراون.

هەر لە ڕۆژی چوارشەممەدا، فەڵەستینیەکی تەمەن 30 ساڵ لە نیشتەجێیەکی باشووری کەناری ڕۆژئاوا بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ئیسڕائیلییەک و برینداری کرد، دواتر لەلایەن هاوڵاتییەکی ئیسڕائیلەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. بەرپرسان دەڵێن ئیسڕائیلییە بریندار کراوەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و بە تەواوەتی هۆشی هەیە و چارەسەری بۆ دەکرێت. ناسنامەی هێرشبەرە فەڵەستینییەکە هێشتا نەزاندراوە.

هێرشەکە لە هەڤات یەهودا ڕوویدا کە نیشتەجێیەکی نایاساییە و دەکەوێتە نزیک شاری هیبرۆنەوە. ئیسڕائیل دەیان نیشتەجێی بۆ ئیسڕائیلییەکان لەو ناوچەیەدا دروست کردووە کە نزیکەی 500,000 هاوڵاتی ئیسڕائیلی و نزیکەی 2.5 ملیۆن فەڵەستینی تیادا دەژی و دەکەوێتە کەناری ڕۆژئاواوە. فەڵەستینییەکان و زۆرێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێیان وایە نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل لەو ناوچەیەدا پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG