Accessibility links

کاردانەوەکان سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ناو مزگەوتی ئەلئەقسا


لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل هێرشییان کردە سەر مزگەوتی ئەل ئەقسا و شەڕ و پێکدادان لە شوێنەکەدا ڕوویدا، ئەمەش ترس و نیگەرانی دروست کردووە سەبارەت بە کەوتنەوەی توندوتیژی زیاتر لە ناوچەکەدا.

ڕێکخەری تایبەتی پڕۆسەی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆر وینیسلاند وتی " ڕابەرانی سەرجەم لایەنەکان دەبێت بەرپرسانە ڕەفتار بکەن و خۆیان بە دووربگرن لە گرتنەبەری هەنگاوێک کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان."

کۆمکاری عەرەب سەرکۆنەی " هەوڵە توندڕەوییەکەی " ئیسرائیلی کرد و وتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات.

دیبلۆماتکاران دەڵێن ئیماڕات و چین داوایان لە 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا تاوتوێی ڕەوشەکە بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئیماڕات وتی " نوێژخوێنان نابێت بە چەک و تەقەمەنییەوە خۆیان لە ناو مزگەوت و شوێنی پەرستندا حەشار بدەن."

ئوردن و میسڕ کە لەمدواییانەدا بەشداربوون لە گفتوگۆکان بە سەرپەرشتی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، بە جیا بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی ڕووداوەکەیان کرد. سعودیە کە ئیسرائیل هیواخوازە پەیوەندییەکانی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە، وتی " هەڵکوتانە سەر " ئەل ئەقسا لەلایەن ئیسرائیلەوە هەوڵەکانی ئاشتی خستە مەترسییەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستینییەکان وتی " دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل دژی مزگەوتی پیرۆزی ئەل ئەقسا هێرشێکی خراپە بۆ سەر مافە سەرەتاییەکانی فەڵەستینییەکان بۆ نوێژکردن بە ئازادی لە شوێنە پیرۆزەکەدا."

وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل ئیتامار بێن گڤیر کە بەرپرسە لە هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل، داوای وەڵامدانەوەیەکی توندی ئیسرائیلی کرد.

بێن گڤیر وتی " موشەکەکانی حەماس پێویستییان بە وەڵامدانەوەی زیاتر هەیە وەک لە تەقاندنەوەی گرد و شوێنە بەتاڵەکان. ئێستا کاتی سەر لێکردنەوەیە لە غەززە."

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسڕائیلی کرد و وتی " بە ناوی وڵاتەکەم و گەلەکەمەوە سەرکۆنەی کارە بەدەکان دەکەم دژی یەکەم قیبلەی موسوڵمانان، داوا دەکەم هێرشەکان بە زووترین کات ڕابگیرێن."

وتیشی " ناوی ئەمە سیاسەتی سەرکوتکارییە، سیاسەتی خوێنە، سیاسەتی کاری وروژێنەرانەیە. تورکیا هەرگیز ناتوانێت بێدەنگ بێت و جووڵە نەکات بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشانە."

وتیشی " دەست خستنەسەر مزگەوتی ئەل ئەقسا و سوکایەتیکردن بە پیرۆزی حەرەم ئەلشەریف هێڵی سوورە بۆ ئێمە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG