بەرپرسان دەڵێن ئوردن میوانداری کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی باڵای ئاسایش و سیاسی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان دەکات، ئەوەش لە پێناو ڕاگرتنی توندوتیژییەکان کە لەمدواییانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە و ترس و نیگەرانی هەن لەسەر ئەوەی توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی فراوانتر پەرەبسەنن پێش هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی موسوڵمانان.
بەرپرسان دەڵێن کۆبوونەوە یەک ڕۆژییەکە کە لە شاری عەقەبەی سەر دەریای سوور بەڕێوەدەچێت، بەرپرسانی باڵای ئاسایشی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە، ئەمەش دوای چەندین ساڵی زۆر یەکەمین جارە بەرپرسانی ئاسایشی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان کۆببنەوە.
هاوکات ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست برێت مکگۆرکیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات.
چەند بەرپرسێک کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکرێت وتیان گفتوگۆکان بەشێکن لە هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئوردن لەگەڵ ئەمەریکا و میسڕدا بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی لە ئیسڕائیل و ناوچەکانی فەڵەستینییەکان لە غەزە و کەناری ڕۆژئاوا، هەروەها بۆ بونیادنانەوەی متمانە لە نێوان دوو لایەنەکەدا.
بەرپرسێکی باڵای ئوردن وتی ئامانج لە کۆبوونەوەکە پێدانی هیوایەکە بە فەڵەستینییەکان لەسەر داهاتوویەکی سیاسیی، ئەگەر بابەتەکان جێبەجێ بکرێن ئەوا " گرژییەکان لەسەر خاکەکە کەم دەبنەوە."
کۆبوونەوەکە دەرفەتێک دەبێت بۆ ڕاگرتنی زیادبوونی پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیلییەکان و فەڵەستینییەکان لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کە بووەتە هۆی توڕەبوونی جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ململانێیەکی بەرفراوانتری نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان.
بەرپرسێکی ئوردنی وتی " ئەو جۆرە کۆبوونەوەیە چەند ساڵێکی زۆرە نەکراوە، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی پێکەوە کۆیان بکەینەوە."
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان دەڵێت لەم ساڵدا لانیکەم 62 فەڵەستینی بە هاوڵاتی مەدەنی و چەکدارەوە کوژراون. وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیلیش دەڵێت لەم ساڵدا 10 هاوڵاتی ئیسڕائیلی و گەشتیارێکی ئۆکرانی بەهۆی هێرشی فەڵەستینییەکانەوە کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز