Accessibility links

فەڵەستینییەکان دەڵێن لە میانەی هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە کەناری ڕۆژئاوا پیاوێک کوژراوە


بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینییەکان دەڵێن لە میانەی هێرشێکی سەربازیی ئیسڕائیلدا لە کەناری ڕۆژئاوا پیاوێک بە فیشەکی ئیسڕائیلییەکان کوژراوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە لەمدواییانەدا توندوتیژییەکان لەو ناوچەیەدا زیاتر بوون. لە بەهارەوە هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کەناری ڕۆژئاوادا ئەنجام دەدەن.

دەزگای هەواڵی وەفای فەڵەستینییەکان وتی سەربازانی ئیسڕائیل هاتوونەتە ناو کامپی دیهیشەی ئاوارەکانەوە لە نزیک شاری بەیتلەحم، ئەوەش بووەتە هۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوان سەربازەکان و کۆمەڵێک دانیشتووی کامپەکەدا. دواتر سەربازەکان گازی فرمێسک ڕژێنیان ڕشتووە و تەقەیان لە قەرەباڵغییەکە کردووە.

دەزگاکە گوتی عومەر مەنا کە تەمەنی 22 ساڵ بووە کوژراوە، شەش فەڵەستینی دیکە بریندار بوون. چوار کەسیش دەستگیرکراون.

زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان ساڵی 2022 ی کرد بە کوشندەترین ساڵ بۆ کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم.

لەم ساڵدا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکانەوە زیاتر لە 140 فەڵەستینی کوژراون. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت زۆربەی ئەو فەڵەستینییانەی کە کوژراون چەکدار بوون.

هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە کەناری ڕۆژئاوا کە لە مانگی سێی ئەم ساڵەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، وەکو وەڵامێک بوو بۆ هێرشی فەڵەستینییەکان دژی ئیسڕائیلییەکان لەسەر خاکی ئیسڕائیل کە بەهۆیانەوە 19 کەس کوژران. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت مەبەست لە هێرشەکانیان لە ناوبردنی تۆڕی چەکدارە فەڵەستینییەکان و ڕێگریکردنە لە هێرشی دیکە لە داهاتوودا.

لە هێرشێکی ئەمدواییانەی فەڵەستینییەکاندا دژی ئیسڕائیل 9 کەسی دیکە کوژران.

XS
SM
MD
LG