Accessibility links

نەتانیاهو دەڵێت دژایەتی هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کاتی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕایگەیاند دژایەتی هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کاتی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکات.

دوای ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل بڵاوییان کردەوە لە یەکتر تێگەیشتنێک هەیە لە نێوان واشنتن و تاراندا سەبارەت بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لە بەرامبەریشدا کەمکردنەوەی سزاکانی سەر تاران، نەتانیاهو ئەم لێدوانەیدا. نەتوانراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکرێنەوە کە گوایە ئەمەریکا و ئێران گەیشتوون بە لە یەک تێگەیشتنێک و ئەمەریکاش ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ ئێراندا ڕێککەوتبێت.

نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە " کەمترین لە یەک تێگەیشتن کە بە ' ڕێککەوتنی بچووک ' ناودەبرێن، بە بۆچوونی ئێمە لە بەرژەوەندی ئامانجەکەدا نین و ئێمە دژایەتی هەموویان دەکەین."

بەرپرسانی ئیسڕائیل پێیان وایە لە یەک تێگەیشتنێک هەیە لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا سەبارەت بە سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن تارانەوە. بەرپرسەکان نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکرێت، ئەوەش بەهۆی نهێنی بابەتەکەوە.

هەفتەی ڕابردوو ماڵپەڕی هەواڵی واڵای ئیسڕائیل بڵاویکردەوە بەپێی ئەو لە یەک تێگەیشتنە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 سنووردار دەکات، ئەوەش لە بەرامبەر کەمکردنەوەی ئەو سزایانەدا کە سەپێندراون بەسەریدا. ماڵپەڕەکە ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا و ئێران تاوتوێی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانی نێوانیشیان دەکەن.

هەفتەی ڕابردوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر وتی " هیچ ڕێککەوتنێک نیە " و ئەو هەواڵانە ڕاست نین.

واڵا لە ڕاپۆرتەکەیدا وتوویەتی نەتانیاهو لەمدواییانەدا لە کۆبوونەوەی کۆمیتەیەکی پەرلەماندا وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنەی ئاشکرا کردووە. ئەمەریکا و ئیسڕائیل زانیارییە هەواڵگرییەکان لە نێوانیادا ئاڵوگۆڕ دەکەن و بە شێوەیەکی سەرەکی سەنگییان لەسەر ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG