Accessibility links

ئیسڕائیل سەرکردەیەکی نوێ بۆ سوپاکەی دەستنیشان دەکات


هێرزی هەلیڤی
هێرزی هەلیڤی

لە مەراسیمێکدا سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو جەنەڕاڵ هێرزی هەلیڤی وەکو سەرکردەی نوێی سوپای ئیسڕائیل دەستنیشان کرد.

هەلیڤی لە مەراسیمەکەدا وتی " سوپاکەمان بۆ جەنگی بەرە نزیک و دوورەکانیش ئامادە دەکەین."

هەلیڤی پێشتر سەرۆکی هەواڵگری سەربازیی ئیسڕائیل بووە، هەروەها جێگری سەرکردەی پێشووی سوپای وڵاتەکە ئەڤیڤ کۆهاڤی بووە.

نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل " ڕاناکێشرێتە ناو جەنگی بێ ماناوە، بەڵام لە ڕۆژانی یەکلاکەرەوەدا شەڕ دەکات."

دەستنیشانکردنی هەلیڤی کە پێشتر ڕابەرایەتی هێزەکانی کردووە لەسەر سنووری غەزە، لە کاتێکدایە کە توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا تا دێت زیاتر دەبن.

دەستنیشانکردنی هەلیڤی وەکو 23هەمین سەرکردەی سوپای ئیسڕائیل لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی حکومەتەکەی نەتانیاهووە ڕەخنەی لێگیرا، چونکە ساڵی ڕابردوو بە ماوەیەکی کورت پێش هەڵبژاردنەکان لەلایەن وەزیری بەرگری پێشووی ئیسڕائیل بێنی گانتزەوە کاندید کرا.
وەزیری بەرگری ئێستای ئیسڕائیل، یوواڤ گالانت، ئامادەی مەراسیمی دەستنیشانکردنی هەلیڤی بوو لە ئۆفیسی سەرۆک وەزیر لە ئۆرشەلیم.

هەلیڤی لە ساڵی 1967 دا لە خێزانێکی جوو لە ئۆرشەلیم لە دایک بووە و لە ساڵی 1985 دا بووەتە سەرباز.

هەلیڤی لە چەند پۆستێکی سەرکردایەتیدا خزمەتی کردووە و دواتر لە ساڵی 1993 دا چووەتە ناو هێزی کۆماندۆی سایریت مەتکالەوە. کۆماندۆوە.

لە ساڵی 2001 ەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەکو فەرماندەی ئەو هێزە کاریکردووە، دواتریش بەردەوام بووە لە بەرزکردنەوەی پلە سەربازییەکانی.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت لە ساڵی 2014 دا هەلیڤی بووەتە سەرۆکی هەواڵگری سەربازیی ئیسڕائیل و لە ساڵی 2018 دا بووە فەرماندەی سەرکردایەتی باشوور.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG