سەرۆکی کنیست ( پەرلەمان )ی ئیسڕائیل یاریڤ لیڤین وتی هەفتەی داهاتوو دانیشتنێک ڕێکدەخات بۆ دەنگدان لەسەر حکومەتی نوێی وڵاتەکە، ئەمەش لەوانەیە کۆتایی بە فەرمانڕەوایی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بهێنێت.
لەلای خۆیەوە نەفتاڵی بێنێتی نەتەوە پەرست کە پێدەچێت پۆستی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بگرێتەدەست، داوای لە نەتانیاهو کرد " خۆی بەدەستەوە بدات " و هیچ هەوڵێک نەدات بۆ هاندانی حیزبەکان تاوەکو حکومەتە نوێیەکە ڕەت بکەنەوە.
بێنێت داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کرد بڕیاری دواخستنی دەنگدانەکە نەدات و لەسەر متمانە دانیشتنەکەی پەرلەمان ڕێکبخات، ئەمە لەکاتێکدا سەرۆکی پەرلەمان یەکێکە لەوانەی پشتیوانی لە نەتانیاهو دەکات.
لیڤین بە فەڕمی بە ئەندامانی پەرلەمانی ڕاگەیاند ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل یائیر لاپید پێی ڕاگەیاندووە ڕێکەوتوون لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی نوێ، هەروەها ڕاشیگەیاند تاوەکو 14 ی مانگی شەش لەڕێی یاساوە دەنگدانی لەسەر دەکرێت بۆ پەسەندکردن یاخود ڕەت کردنەوەی.
لیڤین وتی " کاتی دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی 36 ەمین حکومەتی ئیسڕائیل بە ئەندامانی پەرلەمان ڕادەگەیەندرێت." ئەمەش هەفتەیەک دەداتە نەتانیاهو تاوەکو هەوڵی ئەوە بدات لایەنەکانی هاوپەیمانێتیەکە ڕازی بکات لە هاوپەیمانێتیەکە بکشێنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز