Accessibility links

نەتانیاهو دەڵێت حەماس تەرمی ژنێکی غەززەی لەبری بیباس ڕادەست کردووە و باجی ئەمەش دەدات

شیری بیباس و منداڵەکانی
شیری بیباس و منداڵەکانی

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی هەینی، 21ی مانگی دوو ڕایگەیاند تاقمی توندڕەوی حەماس تەرمی ژنێکی غەززییان لە جیاتی تەرمی شیری بیباس ڕادەست کردووە و باجی ئەم کارەشی دەدات.

شارەزایانی ئیسڕائیلی وتییان یەکێک لەو چوار تەرمەی کە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن حەماسەوە ڕادەست کرانەوە، نەناسراوە و بیباس نەبووە.

نەتانیاهو وتی حەماس تەرمی ژنێکی غەززەی لە جیاتی بیباس خستووەتە کفنەکەوە، بیباس لەگەڵ دوو کوڕەکەی و هاوسەرەکەیدا لە ماوەی هێرشەکەی حەماسدا لە 7 ی مانگی 10 ی 2023 دا بۆ سەر ئیسڕائیل ڕفێندران.

تەرمی دوو کوڕەکەی، کەفیر و ئاریێل، لە نێو ئەو تەرمانەدا بوون کە ڕادەست کرانەوە و ناسراون.

نەتانیاهو وتی " بەوپەڕی سووربوونەوە کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی شیری و سەرجەم بارمتەکانی دیکەمان، بە زیندوو و مردووشەوە، دڵنیاش دەبینەوە لەوەی حەماس باجی ئەم دڕندەیی و پێشێلکردنی ڕێککەوتنە بدات."

بەڕێوبەری ئۆفیسی میدیای حەماس لە غەززە ئیسماعیل ئەلسەوابیتە وتی وادیارە کە لاشەکەی شیری بیباس لەگەڵ لاشەکانی دیکەدا تێکەڵ بووە دوای ئەوەی لە ژێر داروپەردبووی بینایەکدا نێژرابوون کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە ڕووخابوو.

وتیشی " نەتانیاهو خۆی فەرمانی دەرکردووە بۆ بۆردومانکردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبێ بەزەییانە، هەر ئەویش بە تەواوەتی بەرپرسە لە کوژرانی بیباس و منداڵەکانی."

حەماس لە مانگی یانزەی ساڵی 2023 دا وتی منداڵەکان و دایکییان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا کوژراون. سوپای ئیسڕائیل وتی بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگری و توێکارییەکان بۆ لاشەکانی منداڵەکانی بیباس، منداڵەکان بە مەبەست لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراون کە گرتبوویانن.

بڕیارە ڕۆژی شەممە شەش بارمتەی زیندووی ئیسڕائیل ئازاد بکرێن و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆکان بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە دەستپێبکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG