جارێد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیلی لە فڕۆکەخانەی تەل ئەبیبەوە بەرەو مەغریب بەڕێکەوت. ئەمە یەکەم گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە لەوەتای ڕاگەیاندنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرایل و مەغریب.
ئاڤی بێرکووێتز یاریدەدەری سەرۆکی ئەمەریکا گرتە ڤیدیۆیەکی ئەندامانی شاندەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی لە ناو فڕۆکەکە بڵاوکردەوە.
سەرۆکی شاندی ئیسرائیلیش مێیر بن شەبات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئیسرائیلە .
بە نێوەندگیری ئەمەریکا چەندین ڕێککەوتن لە ژێر ناوی " ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم " بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی موسڵمان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجامدراوە. یەکەمجار ئیسرائیل و ئیمارات پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە و دواتریش بەحرەین ڕویشتە ناو ڕێککەوتنەکەوە. سودان سێهەم وڵات بوو کە ڕۆیشتە ناو ئەو ڕێککەوتنەوە و چوارمین وڵاتیش، وڵاتی مەغریب بوو.
سەرۆک ترامپ لە 10 ی ئەم مانگە لە تویتێکدا وتی "ئەمڕۆ دەستکەوتێکی دیکەی مێژووییمان بەدەست هێنا! ئیسرائیل و شانشینی مەغریب، دوو هاوڕێی زۆر باشمان، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی پەیوەندی دیپلۆماسیی تەواو لە نێواندا هەبێ."