سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکە بۆردومانی ئەو شوێنانەی لوبنانیان کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەو شوێنانەوە موشەک بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵدراوە.
سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژی چوارشەممە، کۆمەڵێک موشەک لە لوبنانەوە ئاڕاستەی خاکی ئیسڕائیل کراون، وەکو وەڵامێک بۆ ئەوە، فڕۆکەکانی هێزی بەرگری وڵاتەکە ئەو شوێن و ژێرخانەیان بۆردومان کردووە کە تیرۆریستان لە لوبنان بۆ هەڵدانی موشەک بەکاریدەهێنن."
لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشە موشەکیەکانی گروپە چەکدارییەکانی لوبنانی کرد بۆ سەر ئیسڕائیل و وتی بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشە ئیسڕائیلی و لوبنانیەکانیدا بەمەبەستی هێورکردنەوەی ڕەوشەکە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکیەکانی گروپە چەکدارییەکانی ناو لوبنان دەکەین بۆ سەر ئیسڕائیل."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز