سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل یائیر لاپید دەڵێت بڕیارێکی ڕووسیا بۆ داخستنی دەزگایەک کە کار بۆ کۆچی جووەکان دەکات بۆ ئیسڕائیل " ڕووداوێکی جددی " دەبێت و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەبێت.
هەفتەی ڕابردوودا دادگایەکی مۆسکۆ ڕایگەیاند وەزارەتی دادی ڕووسیا داوای " داخستنی " دەزگای جووەکانی کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە ئەو دەزگایە یاسای پێشێلکردووە کە ئەو یاسایە دیارینەکراوە و دەزگاکەش لە 28 ی مانگی حەوتدا دەهێندرێتە بەردەم دادگا.
هەندێک لە شارەزایان دەڵێن ئەم هەنگاوەی ڕووسیا ئاگادارکردنەوەیەکی کرێملنە بۆ لاپید، کە هەڵوێستێکی توندتری وەک لە سەرۆک وەزیری پێشووی وڵاتەکە نەفتاڵی بێنێت پیشانداوە سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
حکومەتی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی لاپید لە کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی باڵای ئیسڕائیلدا وتوویەتی " داخستنی ئۆفیسەکانی دەزگای جووەکان ڕووداوێکی جددی دەبێت و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان دەبێت."
هەروەها فەرمانیشی کرد " شاندێکی یاسایی ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی هەر کات کە ڕووسیا ڕەزامەندی بۆ گفتوگۆکردن دەربڕی سەردانی مۆسکۆ بکەن و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ بەکارهێنانی گفتوگۆی یاسایی." ئەمەش سەرەڕای هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان.
دەزگای جووەکان لە ساڵی 1929 دا دامەزراوە، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیلدا لە ساڵی 1948.
لە ساڵی 1989 دا بۆ یەکەمین جار لە ڕووسیا دەستی بە کارەکانی کرد، دوو ساڵ پێش کۆتایی هاتنی یەکێتی سۆڤییەت، دوای ئەوەش سەدان هەزاران جوو لە سەرانسەری یەکێتی سۆڤییەتەوە بەرەو ئیسڕائیل ڕۆیشتن.
لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن ئیسڕائیلی خەڵکی یەکێتی سۆڤییەتن.
داخستنی لقی دەزگای جووەکان لە ڕووسیا جووە ڕووسییەکان ڕاناگرێت لە کۆچکردن بۆ ئیسڕائیل، تەنها داخستنی تەواوەتی سنوورەکانی ڕووسیا کۆچی جووەکان ڕادەگرێت، بەڵام دەتوانێت پڕۆسەکە خاو بکاتەوە.
دەستبەجێ دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، لاپید وەکو وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ڕووسیای بە تۆمەتی پێشێلکردنی " یاساکانی جیهان " تۆمەتبارکرد، هاوکات نەفتاڵی بێنێت کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بوو جەختی لە پەیوەندییە بەهێزەکەی وڵاتەکەی کردەوە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا، خۆی بەدوورگرت لەوەی ڕاستەوخۆ سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات و هەوڵیدا وەکو نێوەندگرێک بێت لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا.
لاپید لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە وەکو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل، دووبارە ڕەخنەی لە ڕووسیا گرتۆتەوە، بەڵام هێشتا هەوڵ دەدات بە وریاییەوە مامەڵە بکات تاوەکو پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا بپارێزێت، ئەو پەیوەندییانەش گرنگن بۆ پاراستنی توانای ئیسڕائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا کە لەوێ هێزەکانی ڕووسیاش بوونیان هەیە.