Accessibility links

هەردوو لەشکری ئوردن و ئیسرائیل ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبنەوە و ژمارەیەکیان لێدەکوژن


هەردوو لەشکری ئوردن و ئیسرائیل لەو چەکدارانەی داعشیان داوە کە لە سنووری وڵاتەکانیانەوە نزیکبوونەتەوە. دەڵێن ژمارەیەکیان لێ کوشتوون.

لەشکری ئوردن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە کاژمێر 12 ی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە کۆمەڵێک چەکداری داعش لە سنوورەکانی باکوری ئوردن نزیکبوونەوە پاش ئەوەی لە دەشتایـیەکانی یەرموک لە لایەن هێزەکانی سوریاوە وەدەرنرابوون. دەشڵێت هێزەکانی 10 ی پاسەوانانی سنوور ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و بە هەموو جۆرە چەکێک لێـیان‌داون و هەتا نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە تۆپـبارانیان کردوون و ڕێگەیان نەداوە تاکە چەکدارێکی داعش بتوانێت سنووری ئوردن ببەزێنێت. بۆیە چەکدارانی داعش ناچاربوون بەرەو ناو سوریا بکشێنەوە دوای ئەوەی ژمارەیەکیان لێکوژرا. دواتر لە ناو سوریاش هێزەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ئەو چەکدارانەی داعش بوونەتەوە.

لە لایەکی دیکە لەشکری ئیسرائیل ڕایگەیاند کۆمەڵێک چەکداری داعش لە سنوورەکانی وڵاتەکەی لە گۆلان نزیکبوونەتەوە، وە پـێدەچوو بە نیازبن بە کڵاشینکۆڤ و بۆمبی دەستی و تەقینەوەی خۆکوژی پەلاماری شوێنێکی ئیسرائیل بدەن، بۆیە هێزەکانی لەشکر ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و هێرشی ئاسمانیان کردووەتەسەریان و لە ئاکامدا 7 چەکداریان کوژراون.

XS
SM
MD
LG