Accessibility links

حیزبوڵا: ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسڕائیل کۆتای هات بەڵام قۆناغێکی نوێی بێ هێڵی سوور دەستی پێکرد


سکرتێری گشتی کۆمەڵەی حیزبوڵڵای لوبنانی حەسەن نەسروڵا وتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسڕائیل لەسەر سنوور کۆتای هات بەڵام قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد کە چیتر هێڵی سووری تێدا نیە.

نەسروڵا لە لێدوانێکیدا وتی ئێستا حیزبوڵا سەنگ دەخاتە سەر بە ئامانج کردنی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە ئیسڕائیلیانەی کە دێنە ناو ئاسمانی لوبنانەوە.

ڕۆژی یەکشەممە لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان پێکدادان ڕوویدا لەنێوان حیزبوڵا و سوپای ئیسڕائیلدا، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئیسڕائیل بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر شوێنێکی باشووری بەیروت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبوڵادایە.

نەسروڵا وتی " ئەگەر دەستدرێژی بکەن ئەوا هەموو سنوورەکانتان و سەربازەکانتان و شوێنەکانتان لەسەر سنوور لەژێر بازنەی هەڕەشەدا دەبن و بە ئامانج دەکرێن."

نەسروڵا وتیشی " بە ئیسڕائیلیەکان دەڵێم چیتر هێڵی سوورمان نەماوە چونکە یاساکانی پێکدادان گۆڕاون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG