Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کۆنگرەکەی وارشۆ بە سەرکەوتوو ناودێردەکات


سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت ئەو کۆنگرەیەی چوارشەممەی ڕابردوو بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە وارشۆی پایتەختی پـۆلەندا بەڕێوەچوو سەرکەوتووبووە.

بنجامین نەتەنیاهو لە چاوپـێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا گوتی شتی زۆر گرنگ لەو کۆنگرەیەدا ڕوویانداوە، لەوانە وەزیرانی دەرەوەی 60 وڵات کۆبوونەوە کە ژمارەیەکیان هی وڵاتانی عەرەبی بوون. هەروەها بۆ یەکەم جار ئیسرائیل و عەرەبەکان بە ئاشکرایی لە ژورێکدا کۆبوونەوە و یەک‌دەنگبوون لەوەی پـێویستە ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێران ببنەوە.

باسی لەوەش کرد هەموو بەشدارانی کۆنگرەکە گوتویانە خەڵکی ئێران دۆستیانە و دوژمنیان نین.

پاشان نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕی لەوەی ئێران هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی بدات. گوتی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە بواری بە ئێران دا ملیاران دۆلاری دەستبکەوێت، بەڵام لە بری ئەوەی بۆ نەخۆشخانە و قوتابخانە و کوشتوکاڵ و پاکژکردنەوەی ئاو بەکاریانبهێنێت، تەرخانی کردوون بۆ کارە شەڕەنگێزەکانی، لەوانە پشتیوانیکردنی حوسیـیەکان لە یەمەن و حزبوڵڵا لە لوبنان و ملیشیا شیعەکان لە عێراق و سوریا.

سەبارەت بە لێدانی بنکەکانی ئێران لە سوریا، نەتەنیاهو گوتی ئێران بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی جووەکانی ئیسرائیل دەکات و بە ئاشکرا دەڵێت خوازیارە ئیسرائیل لەناوببرێت، بۆیە لەسەر شانی حکومەتی ئیسرائیلە ڕێگە نەدات ئێران هیچ بنکەیەکی لەشکری لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیلەوە هەبێت.

XS
SM
MD
LG