Accessibility links

وەزیرێکی پـێشووی ئیسرائیل دانی‌ناوە بەوەی سیخوڕی بۆ ئێران کردبوو


وەزارەتی دادی ئیسرائیل ڕایگەیاند وەزیرێکی پـێشووی وڵاتەکەی دانی‌ناوە بەوەی سیخوڕی بۆ ئێران کردبوو و بەوەش حوکمی 11 ساڵ زیندانی دەدرێت.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی داواکاری گشتی ئیسرائیل و پارێزەرانی غۆنێن سێغێڤ وەزیری پـێشوو بە ڕێکەوتنێک گەیشتوون، ئەویش غۆنێن دان بە تاوانەکەیدا بنێت کە سیخوڕی بۆ ئێران کردبوو و زانیاری گرنگی پـێ‌دابوون. لە بەرامبەر داواکاری گشتی تۆمەتی خیانەتی ئاڕاستە نەکات و تەنیا داوای 11 ساڵ زیندانی بۆ بکات.

غۆنێن سێغێڤ، تەمەن 62 ساڵ، لە نێوان هەردوو ساڵی 1995 و 1996 وەزیری وزە و ژێرخانی ئیسرائیل بوو لە حکومەتی ئیسحاق ڕابین.

بەپـێی دەزگای زانیاری ئیسرائیل (شین بێت) ناوبراو لەوەتای ساڵی 2012 کە لە وڵاتی نەیجیریا نیشتەجێ بووبوو، زانیاری لە بارەی کەرتی وزە و شوێنی دەزگا ئاسایشیـیەکان و کاربەدەستانی ئاسایشی و سیاسی ئیسرائیلی بە ئێرانیـیەکان دابوو. مانگی پـێنجی ساڵی 2018 لە فڕۆکەخانەی بن گوریونی تەل ئەڤیڤ دەسـتگیرکرا و لە مانگی حەوت کەیسەکەی ئاشکراکرا.

جێی ئاماژەیە ناوبراو پـزیشک بووە و ساڵی 1992 بوو بە پەرلەمانتار و ساڵی 2003 لە لایەن دادگایەکی ئیسرائیلەوە بڕیاری زیندانی یەک ساڵ درا بە تاوانی هەوڵی فرتوفێڵکردن، بەڵام جێبەجێکردنەکەی ڕاگیرا، هەتا دواتر 5 ساڵ زیندانی کرا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە حەبی هۆشبەر.

بڕیارە لە 11 ی مانگی دوو دادگایەکی ئیسرائیل بڕیاری زیندانیکردنەکەی بۆ دەربکات.

XS
SM
MD
LG