Accessibility links

ئیسرائیل ئاماژە بۆ شیانی بە ئامانجکردنی جموجۆڵە لەشکریـیەکانی ئێران لە عێراق دەکات


وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاگاهی دا ئەگەربێت و ئێران هەر جموجۆڵێکی لەشکری ئەنجام بدات بە ئامانجی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا وڵاتەکەی هێرشی دەکاتەسەر.

ئاڤیگدۆر لیبەرمان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی ئیسرائیل چاودێری هەموو ڕووداوێکی ناو سوریا دەکات، وە سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران تەنیا سەنگی ناخاتە سەر سوریا.

پاشان پـرسیاری لێکرا، ئایا ئەمە عێراقیش دەگرێتەوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر هەرچ هەڕەشەیەکی ئێران و گرنگ نیـیە سەرچاوەکەی لە کوێ بێت.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ڕاپـۆرتێکیدا نووسیبووی بەپـێی چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی و عێراقی و ڕۆژئاوایی، ئێران لە چەند مانگی ڕابردوو موشەکی بالیستی مەودا کورتی بۆ گروپە شیعەکانی عێراق ناردووە تاوەکو لە دژی نەیارانی تاران بەکاریبهێنن ئەگەرهاتوو ئەمەریکا هێرشی کردە سەر ئێران.

مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە نیگەرانی زۆری وڵاتەکەی لە بارەی ئەم ڕاپـۆرتە دەربڕی و لەسەر تویتەرەکەی نووسی ئەگەربێت ئەمە ڕاستبێت، ئەوا پـێشێلکردنێکی ڕوون و ئاشکرای سەروەری عێراقە و هەروەها بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

XS
SM
MD
LG