Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەوروپا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران پەشیمان‌بکاتەوە


سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە گەشتێکی سێ ڕۆژی دەستپـێکردووە بۆ سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا تاوەکو ڕێبەرانی ئەو وڵاتانە قایل بکات هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران بگۆڕن.

بەنجامین نەتەنیاهو ئەمڕۆ بەر لەوەی بەرەو بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێبکەوێت گوتی"سێ ڕێبەر دەبینم و دوو بابەت دەهێنمە بەرباس، ئەویش ئێران و ئێران."

گوتیشی"ڕەنگە لە ئێستادا ڕێکەوتنێکی تەواو لەم بارەیەوە نەکرێت، بەڵام پـێـموایە جۆرە تێگەیشتنێک دەبێت."

هەروەها لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"بە سەردانێکی دیپـلۆماسی گرنگ بەرەو ئەوروپا دەڕۆم. ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانم فشارخستنی نێودەوڵەتیـیە لەسەر ئێران."

بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆببێتەوە و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵدا سازبکات.

دوای بەرلین بەرەو پاریس بەڕێدەکەوێت تاوەکو لەوێ لەگەڵ ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک وەزیری فەڕەنسا کۆببێتەوە، دواتر ڕوو لە لەندەن دەکات بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا.

ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا، سێ لەو شەش وڵاتەن کە لە ساڵی 2015 ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەیان لەگەڵ ئێراندا مۆرکرد.

هەرچەندە ئەمەریکا لە مانکی پـێنجی ئەمساڵەوە لە ڕێکەوتننامەکە پاشگەزبووەتەوە، بەڵام ڕێبەرانی ئەم سێ وڵاتە هێشتا پـێیان‌باشە و هەوڵ دەدەن ڕێکەوتننامەکە ڕزگاربکەن بە هاوکاری لەگەڵ ڕووسیا و چین، ئەو دوو وڵاتەی دیکەی ڕێکەوتننامەکەیان مۆرکردووە.

XS
SM
MD
LG