Accessibility links

سەرۆکی پـێشووی مۆساد: نەتەنیاهو داوای لێکردین خۆمان بۆ لێدانی ئێران ئامادەبکەین


سەرۆکی پـێشووی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل دەڵێت بنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری وڵاتەکەیان لە ساڵی 2011 فەرمانی پـێکردوون لە ماوەی 15 ڕۆژدا خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادەبکەن.

تەمیر فەردۆ کە لە ساڵانی نێوان 2011 بۆ 2016 سەرۆکی دەزگای زانیاری "مۆساد" بوو، ئەمەی بۆ بەرنامەی لێکۆڵینەوەیی "عووڤدا"ی کەناڵی تەلەفیزیۆنی کێشیتی ئیسرائیل ڕاگەیاند و گوتی سەرۆک وەزیر ئەم فەرمانەی بۆ ئەو و سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئیسرائیل دەرکردبوو.

پاشان پـێشکەشکاری بەرنامەکە پـرسیاری لێکردووە، ئایا بڕوای کردووە کە شیانی هەبێت هێرشەکە بکرێت، فەردۆ لە وەڵامدا گوتی" ئەمە شتێکی وەها سانا نیـیە و تەنیا بۆ مەشق و ڕاهێنان بێت. ئەمە مانای ئەوەیە ئەو کەسەی ئەم فەرمانە دەدات یەک لەم دوو مەبەستەی هەیە، یەکەم بە ڕاستی نیازی هەیە هێرشەکە بکات، دووەم بیەوێت ئاماژە بدات کە کەسێک لە دەرەوە لەم بارەیەوە دەزانێت."

پاشان گوتی" لەم بابەتانە دەبێت بڕوا بەو کەسانە بکەیت، چونکە ئەوانە بەرپـرسی تۆن، بۆیە کاتێک فەرمانت پـێدەکات خۆت ئامادەبکەیت، دەبێت درک بەوە بکەیت ئەو یاریت لەگەڵ ناکات. ئەم بابەتانە زۆر گرنگن."

بەپـێی فەردۆ لە پاش ماوەیەکی کورت لە دەسـتبەکاربوونی لە پـۆستی سەرۆکی مۆساد ئەم فەرمانەی پێ گەیشتووە، بۆیە پـرسیاری لە ڕاوێژکارانی یاسایی و سەرۆکانی پـێشووی دەزگاکەی کردووە ئایا سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی ئەوەی هەیە فەرمانی لەو جۆرە بدات یان نا.

تەمیر فەردۆ دواتر گوتی لە کۆتایـیدا نەتەنیاهو وازی لە مەسەلەکە هێنا بەهۆی ناڕەزایی سەرۆکانی دامودەزگا ئاسایشیـیەکان.

بەڵام فەردۆ گوتیشی کاتێک سەرکردایەتی سیاسی فەرمانت پێـدەکات، ئەوا دوو بژارەت لە بەردەمدایە، ئەویش جێبەجێی فەرمانەکە بکەیت یان پـۆستەکەت جێبهێڵیت.

XS
SM
MD
LG