Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسرائیل: ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر تەل ئەڤیڤ ئیسرائیلیش لە تاران دەدات


Israel Cabinet
Israel Cabinet

وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی خوازیاری شەڕ نیـیە، بەڵام ئەگەربێت و ئێران هێرش بکاتە سەر تەل ئەڤیڤ ئەوا ئیسرائیلیش لە تاران دەدات.

ئاڤیگدۆر لیبەرمان لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئیلافی عەرەبی ئەمەی ڕاگەیاندووە و گوتویەتی بەبێ هیچ چەندوچۆنێک بە توندی وەڵامی هەر لایەک دەدەنەوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. هیواشی خواستووە دۆخەکان نەگەنە ئەو ئاستە و ئێران تواناکانی وڵاتەکەی تاقی نەکاتەوە.

پاشان نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕیوە سەبارەت بە جموجۆڵەکانی ئێران لە سوریا و گوتویەتی تاران کاردەکات بۆ دامەزراندنی بنکەی لەشکری بۆخۆی لە سوریا و چەکی پـێشکەوتوو بۆ ئەو بنکانە ڕەوانە دەکات و بە نیازە لەو بنکانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بۆیە ناکرێت ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەم کارانەی ئێران دەستەوەستان بێت. گوتیشی هەر شوێنێک لە سوریادا ئێران هەوڵ بدات تیایدا پـێگەی لەشکری بۆخۆی دروستبکات، ئەوا ئیسرائیل وێرانی دەکات. جەختی کردەوە وڵاتەکەی ئەو کارە دەکات ئیدی باجەکەی هەرچیەک ببێت.

لیبەرمان لە درێژەی وتووێژەکەی باسی لەوەش کردووە کە ڕژێمی ئێران لە دوا ڕۆژەکانیدایە وە گوتویەتی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە دەبێتە مایەی هەرسهێنانی ئابوری ئێران. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئێران هەتا ئێستا زیاتر لە 13 ملیار دۆلاری لە سوریا خەرجکردووە و ساڵانە دوو ملیار دۆلار بە حزبوڵڵا و حەماس و جیهادی ئیسلامی و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکە دەدات، ئەمەش ئێرانی لاوازکردووە و خەزێنەکەی بەتاڵ کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەر لەوەیە سەردانی واشنتن بکات بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ جەیمس ماتس هاوتا ئەمەریکایـیەکەی و جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG