وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت وڵاتەکەی ڕێگە نادات ئێران خۆی لە سوریا جێگیربکات، ئەمەش پاش ئەوەی ئێران ڕایگەیاند 7 ئەندامی هێزەکانی لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی تیفۆری سوریا کوژراون.
ئاڤیگدۆر لیبەرمان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بنکەیەکی لەشکری لە گۆلان گوتی " ڕێگە نادەین ئێران لە سوریا دایبکوتێت و بمێنێتەوە، ئیدی باجەکەی هەرچەندێک بێت، چونکە هیچ بژارەیەکی دیکەمان نیـیە."
گوتیشی "ئەگەربێت و بە مانەوەی ئێرانیـیەکان قایلبین، ئەوا وەکو ئەوە وایە ڕێگەیان پـێبدەین پەتێک لە ملمان بئاڵێنن."
پاشان لە بارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی تیفۆر T-4 ی پارێزگای حومس پـرسیاری لێکرا، ئەویش لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت و گوتی" نازانم کێ لە سوریا بووە و نازانم کێ هێرشی کردووەتە سەر تیفۆر."
هەریەک لە دیمەشق و مۆسکۆ و تاران، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تاوانباردەکەن، دەڵێن دوو فڕۆکەی جۆری F-15 ی ئیسرائیل بووە بۆردومانی فڕۆکەخانەکەی کردبوو و لە ئاکامدا 14 کەس کوژراون.
ئاژانسی دەنگوباسی ئیسنای نیمچە فەرمی ئێران دەڵێت عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران گوتویەتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕنابێت.