Accessibility links

ئەو چالاکوانە ئێرانیـیەی لە تورکیا مەترسی دەرکردنی هەبوو لە ئیسرائیل پـێشوازی لێکرا


ئەو ژنە چالاکوانە ئێرانیەی لە تورکیا بۆ ماڵپەڕێـکی ئیسرائیل بابەتی دەنووسی و مەترسی ناردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەر بوو، ئەمڕۆ پـێنجشەممە گەیشتە ئیسرائیل.

نەدا ئەمین (تەمەن 32 ساڵ) پاش ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە ئاگادارکرایەوە لەوەی ڕەوانەی ئێران دەکرێتەوە، سەندیکای ڕۆژنامەوانانی ئیسرائیل نامەیەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیان کرد و تیایدا نووسیان ئەگەربێت و نەدا بگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران ئەوا دەسـتگیردەکرێت و ڕەنگە لەسێدارەش بدرێت بە تۆمەتی نووسین بۆ ماڵپەڕێکی ئیسرائیل، بۆیە داوا دەکەن مۆڵەتی پـێبدرێت بەرەو ئیسرائیل بێت.

داڤید هۆرۆفیتس سەرنووسەری ماڵپەڕی ذە تایمز ئۆف ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی بن گوریون پـێشوازی لە نەدا ئەمین دەکات، پـێنجشەممە 10 ی مانگی هەشتی ساڵی 2017
داڤید هۆرۆفیتس سەرنووسەری ماڵپەڕی ذە تایمز ئۆف ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی بن گوریون پـێشوازی لە نەدا ئەمین دەکات، پـێنجشەممە 10 ی مانگی هەشتی ساڵی 2017

وەزارەتی ناوخۆش داواکەی پەسەندکردن و ئەمڕۆ نەدا ئەمین گەیشتە فڕۆکەخانەی بن گوریون لە نزیک شاری تەلئەڤیڤ و لەوێ لە لایەن داڤید هۆرۆفیتس سەرنووسەری ماڵپەڕی The Times of Israel پـێشوازی لێکرا و پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ سازکرا و تیایدا نەدا سوپاسی ئیسرائیلی کرد کە لەخۆیان گرتووە. گوتیشی ئێستا زۆر خۆشحاڵە و هەست دەکات ئیسرائیل وڵاتی خۆیەتی، چونکە چیدیکە هەڕەشەی لەسەر نامێنێت و ناترسێت دەستگیربکرێت. هیواشی خواست مافی هاوڵاتیبوون لە ئیسرائیل وەربگرێت.

داڤید هۆرۆفیتس لای خۆیەوە گوتی دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ نەدا قسەی کردووە و بۆی ڕوونکردووەتەوە کە ژیانی لە مەترسیـیەکی ڕاستەقینەدایە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تورکیا گۆڕاوە و مەترسیەکانی لە شوێنی خۆیدا بووە کە دەریبکەن.


ئاریـیە درعی وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل لەسەر تویتەری فەرمی خۆی بۆ نەدای نووسیوە "بەخێربێت بۆ ئیسرائیل."

جێی ئاماژەیە نەدا ئەمین لە ساڵی 2014 وە لە تورکیا بووە و لەوێوە بۆ بەشی فارسی ماڵپەڕی The Times of Israel بابەتی دەنووسی.

XS
SM
MD
LG