Accessibility links

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل: کۆمپانیایەکی تورکیا پارچەی ئەلیکترۆنی ئیسرائیلی بە ئێران فرۆشتووە


ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەیەکی دەسـتپـێکردووە لە کەیسێک کە گومان دەکرێت لە تورکیاوە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سزادانی ئێران پـێشێلکرابێت.

ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا نووسیویەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گومان دەکات کۆمپانیایەکی تورکیا پارچەی ئەلیکترۆنی هەستیاری لە ئیسرائیل کڕیبێت و بە ئێرانی فرۆشتبێت.

دەڵێت مەسەلەکە لەوەوە دەستیپـێکردووە کاتێک لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 ، دەزگای ئاسایشی ئیماراتی عەرەب دەستیگرت بەسەر بارێک کۆندێسەری ئەلیکترۆنی لەوانەی لە نێو لیستی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئەو کەرەستانەی نابێت هەناردەی ئێران بکرێن بەپـێی بڕیاری ژمارە 2231 ی ساڵی 2015 .

بارەکە بریتی بووە لە کۆندێسەری جۆری CSP 180/300 ، ئەوەی کۆمپانیای سێلێم پاوەری ئیسرائیلی دروستی دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئیسرائیل کردووە ئەوانیش لای خۆیانەوە لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە بکەن.

کاربەدەستانی کۆمپانیای سێلێم پاوەر سەرسامی خۆیان دەربڕیوە، دەڵێن ڕاستە ئەو بارەیان بە فەرمی و یاسایی بە کۆمپانیایەکی تورکیا فرۆشتووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ وڵاتانی دوژمن مامەڵە ناکەن. هەروەها بەڵێنیان داوە یارمەتی لە لێکۆڵینەوەکان بدەن و دەڵێن ئەگەر ئەو بارانە بە ئێران گەیشتبن مانای وایە کۆمپانیا تورکیـیەکە فریوی داوین.

XS
SM
MD
LG