Accessibility links

ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی و موشەکی لە دژی بنکەکانی ئێران لە سوریا ئەنجام دەدات


ئیسرائیل دەڵێت هێرشی ئاسمانی و موشەکی کردووەتە سەر چەند شوێنێکی هێزەکانی ئێران لە سوریا، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هەڵدانی موشەکێک لەلایەن هێزی قودسی ئێرانەوە لە سوریا بە ئاڕاستەی بەرزایـیەکانی گۆلان.

لەشکری ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کراونەتە سەر چوار شوێنی هێزی قودسی ئێران، لەوانە عەمبارێکی چەک و تەقەمەنی، شوێنێکی لەشکری لە فڕۆکەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی، شوێنێکی ئیتلاعاتی ئێران، بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنانی لەشکری ئێران.

دەشڵێت لەگەڵ ئەو ئامانجانە چەند سەکۆیەکی هەڵدانی موشەکی بەرگری ئاسمانی لەشکری سوریایان کردووەتەوە ئامانج کە موشەکیان بە ئاڕاستەی فڕۆکە و موشەکەکانی ئیسرائیل هەڵدابوو.

ئەڤیخای ئەدرعی گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هۆکاری هێرشەکانی ئەمڕۆیان لە ئەنجامی هەڵدانی موشەکێکی زەوی بە زەوی دروستکراوی ئێران بووە کە لە ناوچەیەکی دیمەشقەوە بە ئاڕاستەی باکوری بەرزایـیەکانی گۆلان هەڵدرابوو و سیستەمی پـۆڵاینی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل تێکیشکاند.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت 11 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون. لەشکری ڕووسیا دەڵێت 4 سەربازی سوری لە نێو کوژراوەکاندان.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سانای حکومەتی سوریا دەڵێت هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی فڕۆکە و موشەکەکان بووەتەوە و بە دەیان ئامانجیان خستووەتە خوارێ، بەڵام باسی لەوە نەکردووە ئامانجەکان چی بوون.

لە لایەکی دیکە، بەنجامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ئەمڕۆ لە وتارێکیدا پـشتڕاستی کردەوە وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر شوێنەکانی ئێران لە سوریا و گوتی هەر کەسێک هەوڵبدات زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت، ئەوا زیانی پـێدەگەیەنن، وە هەر کەسێکیش هەڕەشەی لەناوبردن لە ئیسرائیل بکات بەرپـرسیارێتی تەواو هەڵدەگرێت.

XS
SM
MD
LG