Accessibility links

وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل: فڕۆکەکانمان دەتوانن بگەنە ئێران


وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئیلی کۆهین
وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئیلی کۆهین

وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئیلی کۆهین ئاگادارییەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان زیادکرد و وتی جەنگ لەگەڵ تاران بەدڵنیاییەوە زیندووی دەکاتەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، لەلای خۆشیەوە ئیسڕائیل پێشوازی لەو بڕیارە کرد.

بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ئێستادا تاوتوێی ئەگەرەکانی گەڕانەوە دەکات بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 و وتوێژەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت، هاوکات لەگەڵ ئەمەدا ئیسڕائیل بەردەوام داوا دەکات کۆتوبەندی زیاتر بسەپێندرێت بەسەر تەکنەلۆجیا و پڕۆژە هەستیارەکانی ئێراندا.

لەلای خۆیەوە ئێران کۆتوبەندی زیاتر لەسەر چالاکییەکانی ڕەت دەکاتەوە و هەفتەی ڕابردوو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڤییەنا دانوستانیان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکادا کرد لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمەریکا سزاکانی سەر تاران لاببات ئەوا ئێران دووبارە پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی دەبێتەوە لە ڕێکەوتنەکەدا.

کۆهین دووبارە جەختی لە هەڵوێستی ئیسڕائیل کردەوە و وتی پێی وانیە وڵاتەکەی پابەندی هەوڵە سیاسییەکان بێت لەم بارەیەوە، وتی " ڕێکەوتنێکی خراپ بەخێرایی ناوچەکە بەرەو جەنگ دەبات."

کۆهین بە ڕۆیتەرزی وت " هەر لایەنێک هەوڵی سوودێکی مەودا کورت بدات دەبێت ئاگاداری مەودا درێژەکە بێت، ئیسڕائیل ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی، ئێران پارێزراو نیە لە هیچ شوێنێکدا، فڕۆکەکانمان دەتوانن بگەنە هەر شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بێگومان بە ئێرانیشەوە."

کۆهین وتیشی دەبێت زلهێزەکانی جیهان ڕێگە بە ئێران نەدەن " سەقامگیری وڵاتانی دیکە تێکبدات و لەڕووی داراییەوە یارمەتی گروپە چەکدارەکان بدات و هەروەها ڕێگەی پێنەدرێت یۆرانیۆم بپیتێنێت و پەرە بە موشەکی باڵیستیکی بدات."

لەم هەفتەیەدا ئیسڕائیل شاندێکی باڵای بۆ واشنتن ناردووە تاوەکو تاوتوێی دۆسییەی ئێران بکەن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا، کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا و ئیسڕائیل هاوڕان لەسەر ئەو " هەڕەشە گەورەیەی " ڕەفتارەکانی ئێران دروستیکردووە لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG